شاندى دەمپارتى و ئۆجەلان کۆدەبنەوە

28-12-2024 02:11

پەرەگراف

نیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندێکى دەمپارتى کە پێکهاتووە لە پەرلەمانتاران (پەروین بوڵدان و سری سوورەیا ئوندەر)، بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجـ.ـەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە، گەیشتە دوورگەى ئیمڕالی.

ڕێکخستنى دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، پاش ئەوە دێت کە دوێنێ ٢٧-١٢-٢٠٢٤، وەزارەتی دادی توركیا ئەنجامدانی دیداری دەمپارتی لەگەڵ ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە لە ئیمراڵی پەسەند كرد.

ئەم دیدارە پاش ئەوە دێت کە دواى چوار ساڵ و حەوت مانگ گۆشەگیری، لە مانگى ١٠ـى ئەمساڵ جارێكی دیكە ڕێگە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە دوورگەی ئیمراڵی درا كە كەسوكاری ببینێت. دیدارەکە بە دیدارێكی سیاسی ناوبرا، بەتایبەت كە ماوەیەكە هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەری هەڵداوەتەوە و هەموان پێشوازیی لێ‌ دەكەن.

لەو دیدارەدا جارێكی دیكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی "چارەسەری سیاسی" و ئاشتییانەى بۆ كێشەی كورد ئاراستەی دەسەڵاتدارانی توركیا کرد. ئەمەش وەكوو وەڵامێكی ئەرێنی بۆ ئەو دۆخەی لە توركیا هاتووەتە ئاراوە، كە پارت و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لە چارەسەری كێشەی كورد دەكەن.

ئۆجەلان لە پەیامێكی كورتدا کە بە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەمپارتی و برازای خۆیدا ئاراستەی "ڕایگشتی" كرد و وتى "گۆشەگیری بەردەوامە، بەڵام ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراكتیكیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێكدادان و توندووتیژییەوە بۆ زەمینەیەكی یاسایی و سیاسی بگۆڕم".

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەمپارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند "ڕۆژی 23ـی تشرینی یەكەم لە زیندانی ئیمراڵی دیدارێكی خێزانیم لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان ئەنجام دا"، وەكوو خۆی دەڵێت "بە گشتی تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەكان"یان كردووە.

دوایین دیداری خێزانەكەی لەگەڵ ئۆجەلان، لە ڕۆژی 3-3-2020 ئەنجام دراوە، دوای ئەوە تەنیا یەك پەیوەندیی تەلەفۆنی لەلایەن محەمەد ئۆجەلانی برای لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دراوە، ئەویش لە 25-3-2021 بووە.

لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ عەبدوڵا ئۆجەلان لە كینیا ڕفێندرا بۆ بنكەیەكی سەربازیی توركیا لە ناوچەی بندرما لە باكووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، لەو كاتەوە ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی دەریای مەڕمەڕە لە زینداندایە.