دیمەشق دەستی دۆستایەتی بۆ تەلئەبیب درێژ دەكات و وەڵامی 'ئێوە تیرۆریستن' دەدرێتەوە

28-12-2024 11:40

پەرەگراف

پارێزگاری نوێی دیمەشق ڕەتی دەكاتەوە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت و دەڵێت "دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵیدا باش بێت". بەڵام هاوكات وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئیدارەی نوێی سووریا بە "باندێكی تیرۆریستی" ناو دەبات و دەڵێت "سەرەتا لە ئیدلب بوون، دواتر دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت".

ماهیر مەڕوان، پارێزگاری دیمەشق لە ئێدارەی نوێی سووریا، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵا میدیای ئەمریكی دەڵێت "ئێمە لە سووریای نوێدا هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ ترسێكمان بەرامبەری نییە، كێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە".

پارێزگاری دیمەشق، ترسی ئیسرائیلی لە دوای ڕووخانی بەشەار ئەسەد بە "شتێكی سرووشتی" ناو برد. سەبارەت بە چوونە ناو خاكی سووریا و بۆردوومانە چڕەكانی ئیسرائیلیش بۆ سەر سووریا كە بووە هۆی لەناوبردنی زۆرینەی فڕۆكە و چەكە قورسەكانی سووریا، ماهیر مەڕوان دەڵێت "ئیسرائیل لەوانەیە هەستی بە ترس كردبێت، هەر بۆیە كەمێك پێشڕەویی كرد و كەمێكیش بۆردوومانی كرد".

ماهیر مەڕوان جەختی كردەوە "گەلی سووریا ئاشتیخوازە و دەیانەوێت پێكەوەژیان هەبێت". وتیشی "ئێمە ئاشتیمان دەوێت، ململانێمان لەگەڵ ئیسرائیل و هیچ لایەنێكی دیكەیش ناوێت".

هاوكات لە كۆبوونەوەیەكدا لە وەزارەتەكەی لەبارەی دۆخی سووریاوە، گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی "لە جیهاندا باسی گۆڕانكارییەكی ڕێكخراوەیی ڕژێم لە سووریا دەكرێت، بەڵام ئەوەی ڕووی داوە، وەكوو ئەوە نییە كە حكومەتێكی نوێ بەشێوەیەكی دیموكراسی دەسەڵاتی گرتبێتە دەست".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای بە "باندێكی تیرۆریستی" ناو برد كە سەرەتا لە ئیدلب بوون. هەروەها ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد و گرتنە دەستی دەسەڵاتی دیمەشق و ناوچەكانی دیكەی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە بە "دەستبەسەرداگرتن" ناو هێنا.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كرد كە "جیهان دەیەوێت دەسەڵاتێكی سەقامگیر لە سووریا ببینێت"، چونكە وەكوو ئەو دەڵێت "وڵاتان دەیانەوێت ئەو كەسانە بگەڕێننەوە كە پێشتر لە سووریا هەڵاتبوون"، بەڵام بە بۆچوونی ئەو "ئەوەی ئێستا دەبیندرێت، بەو جۆرە نییە".

"شەڕ لەگەڵ عەلەوییەكان، هەڕەشەی ئاشكرا لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆ لەناوبردنی خۆبەڕێوەبەریی كورد و هەراسانكردنی كۆمەڵگەی كریستیان لە سووریا هەیە"، گیدیۆن سار وا دەڵێت.