سەلاحەدین بەهادین بۆ هەشتەمینجار بە ئەمینداری گشتی یەکگرتوو هەڵبژێردرایەوە

27-12-2024 07:15

پەرەگراف

سەلاحەدین بەهادین ئەمڕۆ لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوودا بە زۆرینەی دەنگ و بەبێ ڕکابەر بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرایەوە، ناوبراو لە کۆی هەشت کۆنگرەی ڕابردووی یەکگرتوو لە حەوت کۆنگرەدا بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردراوەو جگە لە چوار ساڵ کە محەمەد فەرج ئەمینداری ئەو حیزبە بووە، لە ماوەی 30 ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا 26 ساڵ سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی بووە.

زیاتر لە (800) ئەندام بەشدارن لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو، ئەو حیزبە کە لە 1994 دامەزراوە، تائێستا سەرجەم کۆنگرەکانی لەکاتی خۆیدا بەستووە.

سەلاحەدین بەهادین لە وتارێکدا لە یەکەم ڕۆژی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو لە 27-12-2024، وتی: "ئێمە موزایەدە بەسەر کەسەوە ناکەین، بەڵام زۆریشمان پێ ناخۆشە خەڵکێک بە گەندەڵی و شەڕواڵپیسی و خراپەکاری خۆیەوە کە ئێمە لێی بێدەنگین بێت موزایەدەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری بەسەر ئێمەدا بکات".

سەلاحەدین بەهادین وتیشی "لە وەڵامی ئەو دەنگە نامۆیانەدا، دەڵێین ئێمە خۆمان بە کوردپەروەرێکی لەپێشتر دەزانین تا ئەوانەی کە بەسەر ناونیشانی کوردایەتییەوە ئەوەن کە دەیبینین".

سەلاحەدین بەهادین لە حەوت کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردراوەو لەم کۆنگرەیەشدا کاندیدی بێڕکابەرە بۆ هەمان پۆست.

لە وتارەکەیدا دەربارەی دۆخی سوریا، سەلاحەدین بەهادین وتی "شکستی ئەزمونی سیاسی گەلی کورد لە سوریا، کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێگرتن لەمەش پەیوەندیەکانمان خستۆتەگەڕ و پێویستە لە دەستوردا مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێن".

یەکگرتوو لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024، یەكگرتووی ئیسلامی چوارەم براوەی هەڵبژاردنە. یەكگرتووە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018 ژمارەی دەنگ و كورسییەكانیشی زیادی كردووە.

یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 117 هەزار و 444 دەنگی بەدەست هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی كوردستان كە بە هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی ژمارەی دەنگەكانیان 79 هەزار و 434 دەنگ بوو، ژمارەی دەنگەكانی 38 هەزار و 10 دەنگ زیادی كردووە، هاوكات ژمارەی كورسییەكانی یەكگرتوو دوو كورسی زیادی كردووە و لە 5ـەوە بووە بە 7.

هەروەها یەكگرتوو لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 6%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە.