سەلاحەدین بەهادین: زۆرمان پێ ناخۆشە گەندەڵ و شەڕواڵپیس موزایەدەمان بەسەردا بکات

27-12-2024 11:46

پەرەگراف

سەلاحەدین بەهادین لە وتارێکدا لە کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتوو، وتی: "ئێمە موزایەدە بەسەر کەسەوە ناکەین، بەڵام زۆریشمان پێ ناخۆشە خەڵکێک بە گەندەڵی و شەڕواڵپیسی و خراپەکاری خۆیەوە کە ئێمە لێی بێدەنگین بێت موزایەدەی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری بەسەر ئێمەدا بکات".

سەلاحەدین بەهادین وتیشی "لە وەڵامی ئەو دەنگە نامۆیانەدا، دەڵێین ئێمە خۆمان بە کوردپەروەرێکی لەپێشتر دەزانین تا ئەوانەی کە بەسەر ناونیشانی کوردایەتییەوە ئەوەن کە دەیبینین".

سەلاحەدین بەهادین لە حەوت کۆنگرەی حیزبەکەیدا بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردراوەو لەم کۆنگرەیەشدا کاندیدی بێڕکابەرە بۆ هەمان پۆست.

لە وتارەکەیدا دەربارەی دۆخی سوریا، سەلاحەدین بەهادین وتی "شکستی ئەزمونی سیاسی گەلی کورد لە سوریا، کاریگەری خراپی ئەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێگرتن لەمەش پەیوەندیەکانمان خستۆتەگەڕ و پێویستە لە دەستوردا مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێن".

زیاتر لە (800) ئەندام بەشدارن لە کۆنگەەی یەکگرتوو، ئەو حیزبە کە لە 1994 دامەزراوە، تائێستا سەرجەم کۆنگرەکانی لەکاتی خۆیدا بەستووە، جگە لە چوار ساڵ کە محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی بووە، لە ماوەی 30 ساڵی تەمەنی یەكگرتوودا 26 ساڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی بووە.