پەرەگراف
هیچ بەرەوپێشچوونێکى نوێ لە چارەسەرى کێشەى مووچەدا ڕووى نەداوە و تا ئێستا جگە لە ٦٣١ ملیار دینارەکە، وەزارەتى دارایى عێراق هیچ بڕەپارەیەکى دیکەى بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم نەناردووە.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى دارایى هەرێم بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "تا ئەم کاتە (کاتژمێر ١:٠٠ـى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ) بەرەوپێشچوونى نوێ لە چارەسەرى کێشەى مووچە و ناردنى لە بەغداوە نییە، ئەوەى هەیە تەنیا ئەو ٦٣١ ملیار و ٣٣٥ ملیۆن دینارەیە کە وەزارەتى دارایى عێراق لە ١٧ـى ئەم مانگە بۆ مووچەى مانگى ١١ ناردوویەتى".
بەپێى سەرچاوەکەى پەرەگراف "هەوڵەکانى وەزارەتى دارایى هەرێم بەردەوامە بۆ خەرجکردنى ئەو ٤٣٠ ملیار دینارەى کە بڕیارى گواستنەوەى دراوە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچە، هەروەها ناردنی مووچەى مانگى ١٢، بەڵام تا ئێستا ئەنجامى نەبووە".
پێشتر وەزارەتى دارایى عێراق بڕیارى گواستنەوەى ٤٣٠ ملیار دینارى لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە دا، تا کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ـى پێ چارەسەر بکرێت، بەڵام سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى دەڵێت "تا ئێستا پارەکە بۆ وەزارەتى دارایى هەرێم نەنێردراوە".
تەنیا پێنج ڕۆژ بۆ کۆتایى ساڵ ماوە، بەڵام هێشتا مووچەى مانگەکانى ١١ و ١٢ لە هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە. وەزارەتى دارایى هەرێم بەهۆى کۆتاییهاتنى ساڵى دارایى، ئەو دوو مووچەیەى کردووە بە ئەمانات، مووچەخۆران ترسى ئەوەیان هەیە کە هاوشێوە ساڵى ڕابردوو کە سێ مووچەى کۆتایى ساڵیان پێ نەدرا، ئەمساڵیش دوو مووچەیان بەلاى کەمەوە مووچەیەکیان بفەوتێت.