ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان: بڕیارێکى گشتى لەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بدرێت

25-12-2024 08:13

پەرەگراف

ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان داوا دەکات قەدەغەى سەر ئۆتۆمبێلەکانیان لە سلێمانى هەڵبگیرێت و بێ جیاوازى "بڕیارێکى گشتى لە زاخۆ تا کفرى" لەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بدرێت.

ئەندامانى ئەنجوومەنەکە لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە کە تێیدا هاتووە "نزیکەى ٧٠ هەزار ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا هەن کە بەگشتى بەدەست خەڵکانى کەمدەرامەت و کاسبکارەوەن، بەڵام بڕیارى قەدەغەکردنى ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا، ناوچەییە و تەنیا لەناو شارى سلێمانى جێبەجێ دەکرێت".

ئەنجوومەنەکە دەپرسێت "وەزارەتى ناوخۆ ئەگەر مەبەستى چارەسەرکردنى ئەم دیاردەیەیە، بۆچى بڕیارێکى گشتى نادات؟".

ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان داوا دەکات "بازگەکانى سلێمانى بە ڕووى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکاندا بکرێنەوە و مەفرەزەکان هەڵبگیرێن، دواتر بڕیارى چارەسەرى ئەم ئۆتۆمبێلانە هەرچییەک بێت، لە زاخۆ تا کفرى هەمووى بگرێتەوە".

"لە ئەگەرى بەدەمەوەنەهاتنى داواکارییەکانمان، ڕێگاى مەدەنیى دیکە دەگرینە بەر و دەرئەنجامى ڕێکارەکان هەرچییەک بێت، لە ئەستۆى لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتوون"، ئەنجوومەنى خاوەنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان وا دەڵێت.

ڕۆژى ٢-١٢-٢٠٢٤، لیژنەى باڵاى ئەمنیى سلێمانى بڕیارى قەدەغەکردنى ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانى دەرکرد. بەپێى بڕیارەکە "ڕێگە نادرێت هیچ جۆرە سوارڕەوێکى بێسەرەتا بێتە ناو شارى سلێمانى".

لە دواى بڕیارەکەوە مەفرەزەى هاوبەشى لایەنە ئەمنییەکان لەناو شارى سلێمانى دەستیان بەسەر دەیان ئۆتۆمبێلى بێسەرەتادا گرتووە، بەڵام هەڵمەتەکە ناحیە و قەزاکانى نەگرتووەتەوە و ڕێگەیش دراوە ئەو ئۆتۆمبێلانە لە شارى سلێمانى ببرێنە دەرەوە.

پێشتریش لە ڕۆژى ٢٤-١١-٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێر "قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر" ڕاگەیاند.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەواڵى ئەوە بڵاو کرایەوە کە "دوای سەری ساڵ و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بەرامبەر بە بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دیناردا تۆمار دەکرێن".

دواتر لیژنەى باڵاى ئەمنیى سلێمانى لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند "ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و بڕیاری قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت".

لیژنەکە جەختى کردەوە کە "ھیچ گۆڕانکاری و پاشگەزبوونەوەیەک لەو بڕیارەدا نییە، کە ئامانجی سەرەکی لێی گەڕانەوەی شکۆی یاسا و پاراستنی ئەمنییەتی ھاووڵاتیان و چەسپاندن و بەرقەراربونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە و ئۆقرەیی ڕەوشی ھاتووچۆیە لەسەر شەقامەکان".