ئەندامێکی شاندی باڵای یەکێتی: تائێستا لەگەڵ پارتی باسی دابەشكردنی هیچ پۆستێكمان نەكردووە

25-12-2024 06:04
دواین کۆبوونەوەی شاندی گفتوگۆی پارتی و یەکێتی، 17-12-2024

پەرەگراف

لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ ئامادەکردنی بەرنامەی حکومڕانیی بۆ قۆناغی ئایندە دوای سەری ساڵ کۆدەبێتەوە، ئەندامێکی شاندی باڵای گفتوگۆی یەکێتی دەڵێت: تائێستا لەگەڵ پارتی باسی دابەشكردنی هیچ پۆستێكمان نەكردووە.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەندامی شاندی باڵای ئەو حیزبە بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت، بە ڕۆژنامەنووسانی وت "لە رابردوودا كە هاوبەشیی راستەقینە لەنێوان هێزە و لایەنە سیاسییەكان هەبووە، كوردستان ئارامیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە وەكو یەكێتی دەمانەوێ هاوبەشی راستەقینە بین لە حکومەت نەک بەشداربین". 

لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكان لە نێوان پارتی و یەکێتی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وتی: "نە ئێمەو نە برادەرانی پارتیش باسمان لە پۆستەكان نەكردووە، ئێمە بڕوامان بەوەیە زۆر شتی دیكە هەیە كە دەبێ لەسەری رێكبكەوین و رێككەوتنێكی سیاسی و گشتگیر بكەین، بۆئەوەی ئەو قەیرانانەی كە لە 10 ساڵی رابردوو بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، دووبارە نەبنەوە". 

شاندی باڵای گفتوگۆی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، 17ی ئەم مانگە کۆبوونەوەو بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی کە حکومڕانیی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وتی: لیژنەكە پێكهێندراوە و خەڵكی هونەری و ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی تێدایە، لەدوای سەری ساڵ یەكەمین كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن، دواتر لیژنەی باڵای یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە.

پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنن و بەهۆی نەگەیشتنە ڕێککەوتنیان پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بە هەڵواسراویی ماونەتەوە.

ڕۆژی 2ی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی نەتوانرا لە یەکەم کۆبوونەوەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و کۆبوونەوەکە بەکراوەیی ماوەتەوە.

پارتی هەڵوێستی ڕوونی پیشانداوە کە سوورە لەسەر ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم سەرۆکایەتی کابینەی دەیەمیش بکاتەوە و ئەو پۆستە لای خودی مەسروور بارزانی و پارتی بێت.

پارتی و یەکێتی هەریەکەیان هێزی چەکدار و سیستمی دارایی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بەهۆیەوە هەریەکەیان ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافییان خستووتەوە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، پارتی پارێزگای هەولێر و دهۆکی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و یەكێتیش پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی کۆنتڕۆڵکردووە، ئەم دابەشبوونە ناوچەییەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان وای کردووە پێکهێنانی حکومەت بەبێ بەشداری هەردوو حزبەکە ئەستەم بێت جا کورسی پەرلەمانی زۆریان هەبێت یاخود کەم.

وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردن

پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکە بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.

بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان  پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.

سەرباری ئەوەش بەرلە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە ‌"هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە هەر بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش هەر لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هاوپەیمانی

سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری ڕەهای یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.