هەسەدە: ئامادەین بە گفتوگۆ بچینە ناوى سوپاى نوێى سووریاوە

25-12-2024 12:37

پەرەگراف

بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات ڕایگەیاند "هەسەدە بەشێوەیەکى مەبدەئى ئامادەیە بچێتە ناو سوپاى نوێى سووریاوە کە لە داهاتوودا پێک دێت، بەڵام ئەو بابەتە پێویستى بە گفتوگۆى زۆر لەنێوان هەسەدە و ئیدارەى نوێى سووریا هەیە".

فەرهاد شامى، بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە، ئەم هەڵوێستەى لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوز ڕاگەیاند، کاتێک پرسیارى لێ کرا لەبارەى هەڵوێستیان دەربارەى داواکاریى ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ئیدارەى نوێى سووریا، بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارییەکان و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەى وەزارەتى بەرگریى سووریا.

فەرهاد شامى پێى وایە لەگەڵ ئیدارەى نوێى سووریا سەبارەت بەم بابەتە بۆچوونى هاوشێوەیان هەیە، بەڵام جەختى کردەوە کە "دەبێت سووریا دووربخرێتەوە لە دەستوەردانى دەرەکى بەتایبەت لەلایەن تورکیاوە".

"ئیدارەى نوێى سووریا پێویستە خۆى بەدوور بگرێت لەو ڕێنماییانەى تورکیا کە دەیەوێت بەسەر گەلى سووریادا بیسەپێنێت"، بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات وا دەڵێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژى سێشەممە ٢٤-١٢-٢٠٢٤، ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ئیدارەى نوێى سووریا، لەگەڵ سەرکردەى گرووپە چەکدارییەکان كۆبووەوە. بەپێى میدیاى فەرمیى سووریا "لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارییەکان و ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەیان لەژێر چەترى وەزارەتى بەرگریى سووریادا".

 

May be an image of 18 people and text