پەرەگراف
فهرامهرز ئهسهدى وەک كونسوڵى گشتیی نوێی كۆمارى ئيسلامی ئێران له ههولێر دەستبەکاربوو، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیدا کۆبووەوەو پشتیوانی بۆ سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ دەربڕی و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێم و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، كونسوڵى گشتيى نوێى ئێران، "وێڕاى دهربڕينى خۆشحاڵيى خۆى به دهستبهكاربوونى، دووپاتى كردهوه كه كۆمارى ئيسلاميى ئێران به بايهخ و گرنگييهكى زۆرهوه له پهيوهندييه دێرينهكانى لهگهڵ ههرێمى كوردستان دهڕوانێت و خواستى وڵاتهكهى بۆ برهودان به پهيوهندييهكان له ههموو بوارهكاندا، نيشان دا".
ئێران سنورێکی فراوانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەو پەیوەندیی ئابوری و بازرگانیی بە هێز لە نێوان هەردولادا هەیە، بەڵام ئێران بە پاساوی بوونی "بنکەی ئیسرائیل" و هەڕەشەی "گرووپە چەكدارییە جوداخوازەكان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەكەی کە مەبەستی حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانە کە بنکەیان لە هەرێم هەیە، چەندینجار موشەکبارانی هەولێری پایتەخت و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
تەنانەت دوای ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ٢٠٢٣ لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کراو سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێکردنیانە لە کەمپدا، سوپای پاسدارانی ئێران ناوەڕاستی مانگی ١ی ئەمساڵ ١١ مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی هەولێر کرد، مووشەکەکان پێنجیان بەر ماڵی پێشڕەو دزەیی سەرمایەداری دیاری هەولێر کەوتن، دزەیی و کچێکی و کەرەم میخائیل گەورە بازرگانی عێراقیی کە میوانی پێشڕەو بووە، لەگەڵ کارگوزارێکی پێشڕەو کە فلیپینییە شەهید کران، خێزانی پێشڕەو دزەیی و دوو منداڵیشی برینداربوون.
سوپای پاسداران بە پاساوی لێدان لە "بنکەی ئیسرائیل" هەولێری بۆردومان کردو سوورە لەسەر ڕاستیی ئەو پڕوپاگەندەیەی کە هەمیشە بەکاری دەهێنێت بۆ هێرشەکانی و بەردەوام بە تووندی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتدەکرێتەوە.