هێرشى هەڵگەڕاوەى هەسەدە بەردەوامە؛ شەڕڤانان 'تەنیا ١٥ کیلۆمەتر' لە ناوەندى شارى مەنبج دوورن

24-12-2024 02:02

پەرەگراف

هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) بە ئاراستەى شارى مەنبج لە پێشڕەویدان. بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە دەڵێت "قۆناغى بەرگریمان گۆڕیوە بۆ هێرشبردن و تەنیا ١٥ کلیۆمەتر لە ناوەندى شارى مەنبجەوە دوورین".

فەرهاد شامى، بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى حەدەس لە کاتژمێر ١٠ـى ئەمشەو، ڕایگەیاند "هێزەکانى سووریاى دیموکرات بە ئاگربەستەوە پابەند بوون، بەڵام تورکیا و گرووپە بەکرێگیراوەکانى پابەند نەبوون و لە ١٥ ڕۆژى ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هێرشیان کردووەتە سەر پردى قەرەقۆزاق لە باکوور و بەنداوى تشرین لە باشوورى کۆبانێ".

فەرهاد شامى ڕایگەیاند، بەیانیى ڕۆژى دووشەممە ٢٣-١٢-٢٠٢٤، هەسەدە لە قۆناغى بەرگرییەوە چووە قۆناغى هێرشبردن، لەپێناو دوورخستنەوەى مەترسییەکان بەتایبەت لەسەر بەنداوى تشرین، کە تورکیا و گرووپەکان چەندین جار بۆردوومانى بەنداوەکەیان کردووە.

شەڕڤانانى هەسەدە سەر بە ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبج، دەستیان بە پێشڕەوى بە ئاراستەى شارى مەنبج کردووە. جگە لە تەواوى بەنداوى تشرین، چەندین گوند و ناوچەیان کۆنترۆڵ کردووە.

بەڕێوەبەرى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە دەڵێت "تەنیا ١٥ کیلۆمەتر لە ناوەندى شارى مەنبجەوە دوورین، شەڕ لە دەوروبەرى شارۆچکەى ئەبو قلقل بەردەوامە کە ١٣ کیلۆمەتر لە ناوەندى شارى مەنبجەوە دوورە".

هەسەدە کوژرانى زیاتر لە ١٠ چەکدارى گرووپەکانى سەر بە تورکیا و تێکشکاندنى چەندین زرێپۆش و ئۆتۆمبێلى سەربازیى لەو هێرشە هەڵگەڕاوەدا ڕاگەیاندووە.