پەرەگراف
فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كۆبووەتەوە.
بەپێی لێدوانی ڕۆژنامەوانیی فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر "دروستكردنی یەك هەڵوێستی هاوبەشی كوردی لە سووریای نوێدا".
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر "گرنگیی بەردەوامبوونی بەپەلەی دیدارەكان بۆ چارەسەركردنی پرسە ناكۆكیلەسەرەكان".
ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) كە لایەنێكی نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ هەسەدە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای كوردستان و پرسی كورد لە سووریا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ناكۆك بوون تا ئاستی دژایەتیی یەكتر.
لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی ئەسەد لە سووریا، هێزەكانی سووریای دیموكرات بانگەوازی ئاراستەی هەموو لایەنە كوردییەكان كرد بۆ كۆبوونەوە و یەكخستنی هەڵوێستی كورد سەبارەت بە پێشهاتەكانی سووریا، لەپێناو پاراستنی كورد لە مەترسییەكان و بەدەستهێنانی مافەكانی لە چوارچێوەی سووریای نوێدا.