بەهێزکردنی پەیوەندیی و چاکسازیی پێشمەرگە؛ وەزیری بەرگری هۆڵەندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە
پەرەگراف
روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی هۆڵەندا گەیشتە هەولێرو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخی ناوچەکەو بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و چاکسازیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە "هەردوولا جەختیان لەسەر برهودان به ههموو بوارهکانی پهیوهندی و گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە هۆڵەندییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، کردەوە".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پتەوکردنی سەقامگیریدا کراوەو هەوڵەکانی چاکسازی و یهکخستنهوهی پێشمهرگه لە چوارچێوهی وهزارهتی کاروباری پێشمەرگەدا، خراوەتە بەر باس.
"وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی کردهوه، ههروهها ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکییە لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایشی ناوچهکهدا" سەرۆکایەتی هەرێم وادەڵێت.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش، ههروهها دهربارهی دۆخی ئێزدییان و گهڕانهوهیان بۆ سهر زێدی خۆیان، دوایین پێشهاتهکانی دۆخی ناوچهکه، بهتایبهتی گۆڕانکارییهکانی سووریا و لێکهوتهکانی و چهند پرسێکی دیکهی جێی بایهخی ههردوولا، بیروڕایان گۆڕییهوه.
ئەم سەردانە تەنها ڕۆژێک دوای سەردانی وەزیری بەرگری ئیتاڵیایە بۆ هەولێر کە هەمان ئەو پرسانەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم تاوتوێ کرد.
حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوپەیمانان چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.