عێراق لە مەترسی خزانە ناو قەیراندایە؛ هۆشیار زێباری پەنجە بۆ محەمەد حەلبوسی ڕادەکێشێت

22-12-2024 11:39

پەرەگراف

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشوی دەرەوەی عێراق، هۆشداریی لە جموجوڵەکانی محەمەد حەلبووسی دەدات و پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕادەکێشێت بۆ پەلکێشکردنی عێراق و نقومکردنی لەناو قەیرانێکدا.

زێباری لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت "جوڵانەوەیەکی سیاسی لە عێراق هەیە کە دەیەوێت ڕێگری بکات لەوەی عێراق بکەوێتە ناو ئەو گێژاوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئێمە بە وریاییەوە مامەڵە دەکەین و پشتیوانی لە حکومەت دەکەین بۆ پاراستنی ئەزموونەکەی".

زێباری دەشڵێت "بەڵام لە بەرامبەردا لایەنی دیکە هەیە بۆ سوودی ماددی خۆیان دەیانەوێت وڵات نوقمی قەیران بکەن بۆ نمونە محەمەد حەلبوسی، لەبری ئەوەی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی گشتگیری هەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە".

لێدوانەکانی زێباری لە کاتێکدایە کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی حیزبی تەقەدوم، دوو ڕۆژە کۆبوونەوەو مانۆڕی چڕی سیاسی دەستپێکردووە.

حەلبوسی کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە سەرۆکی پەرلەمان دوورخرایەوەو بەشێک لە شرۆڤەکاران بە "بڕیاری ئێران" لەقەڵەمیاندا، دوێنێ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک لە سەرکردە و بەرپرسی پارت و قەوارە سیاسییە سوننەکانی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەو هەلومەرجەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی سوریا و کاریگەریی لەسەر دۆخی ناوچەکە.

بەپێی بەیاننامەی کۆبوونەوەکە، سوننەکانی عێراق پشتیوانی لە گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریاو ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سوریا دەکەن لە دیاریکردنی داهاتوویان، ئەوەش پێچەوانەی هەڵوێستی شیعەکانی عێراقە کە لە بەرەی ئێرانن و دژی گۆڕانکارییەکانی سوریان کە هێزە چەکدارە سوننەکان سەرۆکایەتی دەکەن بە پشتیوانی تورکیا.

حەلبوسی ئەمڕۆیش لەگەڵ ژمارەیەک شێخ و کەسایەتی عەرەبی سوننە کۆبووەتەوە.