وەزارەتی دارایی: سوودانی ڕایسپاردووین بە پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان بۆ تەوتینكردنی مووچە
پەرەگراف
وەزیری دارایی هەرێم لەگەڵ تیمی پرۆژەی هەژماری من كۆبووەوە و گفتوگۆیان دەربارەی "بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆژەكە" كردووە كە تا ئێستا "نزیكەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر" خۆیان تۆمار كردووە. وەزارەتی دارایی دەشڵێت "سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایسپاردووین بە پتەوكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان، بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلكترۆنی و تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران".
كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەكشەممە ٢٢-١٢- ٢٠٢٤ لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چووە. وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "زیاتر لە ٣١٨ هەزار كارتی بانكی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا دابەش كراوە و ٣٠٦ ئامێری ڕاكێشانی پارە بەردەستە، بۆ مانگی تشرینی دووەمیش نزیكەی ٢٢١ هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن".
هەروەها وەزارەتی دارایی دەڵێت "بۆ مانگی كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەكانیان وەردەگرن. ئەمە جگە لەوەی ئامادەكاری دەكرێت بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ سەرجەم خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان".
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا "پێشوازی لە گشتاندنی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرا، كە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكانی كردووە، نوسخەشی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناردووە و حكومەتی هەرێمی پابەند كردووە بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی".
نووسراوەكە بۆ "بەرەوپێشبردنی ژینگەی كارەكان و پتەوكردنی توانای بانكەكانی عێراق لەسەر بنەمای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دارایی و بانكیی زیاتر"ـە.
"سەرۆكوەزیرانی عێراق وەزارەت و كۆمپانیاكانی ڕاسپاردووە بە پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان، بەتایبەت لە بواری كردنەوەی هەژماری بانكی و پێدانی سولفە و قەرزی بەڵگەنامەیی، هەروەها هاوكاریكردن بۆ بەرەوپێشبردنی پارەدانی ئەلیكترۆنی و تەوتینكردنی مووچەی فەرمانبەران"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم پێی وایە بەو گشتاندنەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، "هەرێمی كوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سود لە سەرجەم ئەو بانكە ئەهلییانە وەربگرێت كە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتی كاركردنیان پێ دراوە".