چاکسازیی پێشمەرگە؛ دوو ناوچەی سەرکردایەتی دادەمەزرێن کە سەرجەم هێزەکانیان تێدا ڕێکدەخرێنەوە

22-12-2024 06:28

پەرەگراف

لە هەنگاوێکی نوێدا بەرەو چاکسازی و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، دامەزراندنی دوو ناوچەی سەرکردایەتی ڕاگەیاند کە پێکهاتوون لە 11 فیرقەو لە ژێر سەرکردایەتی وەزارەتی پێشمەرگەدا دەستبەکار دەبن.

ئەو بڕیارە دوای کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمڕۆ هات کە وەزیرو بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەو یەکەی 80ی پارتی و 70ی یەکێتی بەشداربوون بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێڵ براندستێتەر بەرپرسی تیمی راوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمی یاوەری.

شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارماندا بە دەستەکاربوونی هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی کە هەموو  هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تێدا رێکدەخرێتەوە، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا جێگیردەبن لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە".

هەر لە کۆبوونەوەکدا بە کۆی دەنگی ئامادەبووان رەزامەندیدرا، "لەسەر بنیاتنانی بنەماکانی یەکەیەکی یەکگرتووی ژمێریاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان".

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دامەزراندنی ژێرخانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیر دەڵێت "کە پاڵپشت و پشتیوانمان دەبێت لە بنیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی باڵای پارێزگاریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستاندابن".

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

هاوپەیمانان چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.