ڕۆژنامەنووسان و سەندیكا و ڕێكخراوەكان داوای ڕاگرتنی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن ‏توركیاوە دەكەن

22-12-2024 02:44

پەرەگراف

ڕۆژنامەنووسان، سەندیكا و ڕێكخراوەكان لە سلێمانی ئیدانەی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان ‏بەتایبەت لەلایەن توركیاوە دەكەن كە لە ماوەی "پێنج ساڵدا 13 ڕۆژنامەنووسی تیرۆر كردووە". ‏داوایش لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ دەكەن "فشار بخەنە سەر ‏حكومەتی توركیا بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لەو كەسانەی دەستیان لە هەڵگیرسانی جەنگدا ‏نییە".‏

ئەمڕۆ 22-12-2024، كۆمەڵێك لە ڕۆژنامەنووس و چالاكانی مەدەنی و سەندیكای ‏ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكان، لە ئۆفیسی سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی ‏ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و پەیام خۆیان لەبارەی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو، كە ‏نوێترینیان كوشتنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی هەواڵی هاوار بوو لە كۆبانێ‌ لە بۆردوومانێكدا ‏لەلایەن توركیاوە.‏

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، وتی "دووبارە ‏ئیدانەی تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسانی ئاژانسی هاوار (جیهان بیلگین و نازم داشتان) دەكەین، ‏جەخت‎ ‎دەكەینەوە لەوەی فشار زیاتر بكەین تا ڕێكخراوە نێدەوڵەتییەكانی تایبەت بە پاراستنی ‏مافی مرۆڤ كار بكەن بە ئامانجی ڕاگرتنی حكومەتی توركیا لە كوشتنی ڕۆژنامەنوسان".‏

كۆمپانیای چەتر بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی دەڵێت "جیهان بیلگین و نازم داشتان ڕۆڵێكی كارایان ‏هەبوو لە ڕووماڵكردنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و شاری كۆبانێ‌، ئەوان تواییان ‏ڕاستییەكان بۆ ڕایگشتی بگوازنەوە و ڕاگەیاندنی شەڕی تایبەت بەدرۆ بخەنەوە".‏

هەروەها نوێنەری ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "لە ماوەی پێنج ‏ساڵدا، دەوڵەتی توركیا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە 13 ‏ڕۆژنامەنووسی تیرۆر كردووە". كوشتنی ڕۆژنامەنووسانیشی لەلایەن توركیاوە بە "ترس لە ‏خستنەڕووی ڕاستییەكان" ناو برد.‏

پێشتریش لە 23ی ئابی 2024، لە نزیك قەزای سەیدسادق ڕۆژنامەنووسان (گوڵستان تارا و هێرۆ ‏بەهادین) میدكارانی كۆمپانیای چەتر لەلایەن درۆنی توركیاوە كرانە ئامانج و كوژران. هەروەها ‏ڕۆژی 8ی تەمووزی 2024 هێزی ئاسمانیی توركیا لە كۆمەڵگەی تەل قەسەبی شنگال كارمەندانی ‏چرا تیڤی و چرا ئێف ئێم (مەدیا حەسەن كەمال و موراد میرزا برایم و خەلەف خدر)ـی كردە ‏ئامانج، كە (موراد میرزا) پەیامنێری كەناڵی چرا ئێف ئێم، بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە گیانی ‏لەدەست دا.‏