گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سەماوە هەڵدرایەوە کە ئێسکوپروسکی نزیکەی 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە
پەرەگراف
لە ناوچەیەکی پارێزگای سەماوە لە باشوری عێراق، ئەمڕۆ گۆڕێکی بە کۆمەڵ هەڵدرایەوە کە ئێسکوپروسکی دەوروبەری 150 ژن و منداڵی کوردی تێدایە، ڕووفاتەکان ئاسەواری فیشەک بە سەریانەوەیە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکە دەکەوێتە ناوچەی تەل شێخ لە قەزای سەلمان لە پارێزگای سەماوە کە 130 کیلمەتر لە ناوەندی پارێزگای سەماوە دوورە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ گۆڕەکە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە دۆزرایەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بوو، بە قوڕگی پڕگریانەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەوەی بینیمان هی باسکردن نییە، بینیمان کە ژنەکان باوەشیان بە منداڵەکانیاندا کردووە و جلی بە هارانەیان لەبەردایەو فیشەک بە سەریانەوەیە، ئەبێت چ ئازارێکیان چەشتبێت".
خانمی یەکەمی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، سامپڵ لە ئێسقانی ڕوفاتەکان وەردەگیرێت بۆ دۆزینەوەی کەسوکاریان و پڕۆسەی وەرگرتنی سامپڵی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەردەوام دەبێت.
پشكنینی DNA چەندین ساڵە داواكارییەكی گرنگی كەسوكاری ئەنفالكراوانەو دەیانەوێت لانیكەم تا لە ژیاندا ماون، روفاتی ئازیزانیان لە باوەش بگرن و گۆڕێك هەبێت بۆ سەبوری دڵ و دەرونیان سەردانی بكەن.
روفاتی 172 ئەنفالكراوی كورد، ناوەڕاستی مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ، لە رەفەكانی پزیشكی دادوەری بەغداوە گەڕێنرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لە رێوڕەسمێكدا لە ٢١-٢-٢٠٢٤ لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاكسپێردران.
روفاتەكان لە گۆڕێكی بە كۆمەڵی پارێزگای سەماوەی عیراق دۆزرانەوە، لە ساڵی 2019ـدا دەرهێنراون، بەشێكیان منداڵ و ژنن، بۆ زیاتر لە چوار ساڵ لە بەغدا بون.
لە هەرێمی كوردستان لە كۆی 182 هەزار ئەنفالكراو و 8 هەزار ئەنفالکراوی بارزانییەكان، تەنیا ڕوفاتی دوو هەزار و 500 ئەنفالكراو پێشتر لە بیابانەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هێنراونەتەوە و لە مۆنۆمێنتەكانی تایبەت بە ئەنفال بەخاكسپێردراون.
شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە هەشت قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكاریی هەزاران گوند.
دڕندانەترین بەشی ئەنفال، بە قۆناغی سێ دادەنرێت، كە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە و تەنیا گوندێك لەو سنورە بە ئاوەدانی نەمایەوە، بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچەكە ئەنفالكران و ئەوانیتر بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ ڕاگوێزران.