پەرەگراف
مەسرور بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مایکل واڵتز کۆنگرێسمانی ئەمەریکی ئەنجامدا، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە، وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکراوە.
مەسرور بارزانی دەڵێت "گفتوگۆمان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە کرد و جەختمان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردەوە".
"پیرۆزباییمان لە کۆنگرێسمان واڵتز کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی و ستایشی تێگەیشتنی قووڵی ئەوی لە بابەتە ئەمنی و پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە کرد. هەروەها بیروڕامان لە بارەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد و جەختمان لە گرنگی گۆڕانکاریی دیموکراسییانە و پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە کردەوە" سەرۆکی حکومەت وادەڵێت.
مەسرور بارزانی دەشڵێت "بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان، تایبەت بوو بە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ناوچەکە و پابەندبوون بە بەها و ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتی و ئاسایش. هاوڕابووین لەسەر گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی سەقامگیری".