پەرەگراف
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، دواى ئەوەى شەڕڤانانیان هێرشى گرووپەکانى سەر بە تورکیایان بۆ سەر بەنداوى تشرین تێکشکاندووە و "دەیان" چەکدار لەو گرووپانە کوژراون، تورکیا دەستى بە بۆردومان و تۆپبارانى ناوچەکە کردووە و "پێنج شەڕڤان شەهید بوون".
بەپێى ڕاگەیەندراوى ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى سووریاى دیموکرات، ئەمڕۆ زیاتر لە ١٢ کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان شەڕڤانانى هەسەدە و چەکدارانى گرووپەکانى سەر بە تورکیا لە دەوروبەرى بەنداوى تشرین بەردەوام بووە.
هەسەدە دەڵێت "لە ئەنجامدا ٥٢ بەکرێگیراو کوژراون کە لەناویاندا سەرکردەکانیشیان هەیە. دواتریش ناچار بە هەڵاتن بوون، هەروەها ژمارەیەک تانک و زرێپۆش تێکشکێندراون و دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیدا گیراوە".
"دوای ئەوەی هێزەکانمان هێرشی بەکرێگیروەکانى سەر بە تورکیاى داگیرکەریان بۆ سەر بەنداوی تشرین لە دوو قۆڵەوە تێکشکاند و دەیان بەکرێگیراویان کوشت و ژمارەیەک تانک و زرێپۆشیان لەناو برد، تورکیاى داگیرکەر بۆردوومانی ئاسمانی و تۆپبارانی بۆ سەر ناوچەکە چڕ کردەوە، لە ئەنجامدا پێنج شەڕڤانمان شەهید بوون"، هەسەدە وا دەڵێت.