بافڵ تاڵەبانی: جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێک دەکەین دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات
پەرەگراف
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر دەکەن کە دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات و هەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داهاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت.
ئەو وتانەی سەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەغداد.
لەبارەی پرسی مووچەشەوە، سەرۆکی یەکێتی داوای لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە هاوشانی لایەنە سیاسییەکان، هاوکار و پشتیوانبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەکارنەهێنانی شایستەداراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.
دۆخی گشتیی عیراق و پێشهاتەکانی سووریا تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەیان بووە و هەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوەو داواشیانکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگریی لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عیراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.