وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا: دەبێت گرووپە کوردییەکان لە چەک دابماڵدرێن و بچنە ناو هێزە ئەمنییەکانى سووریاوە
پەرەگراف
پاش کۆبوونەوەى لەگەڵ هاوتا تورکییەکەى، وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا لەگەڵ جەختکردنەوە لە "ئاسایشى کورد لە سووریایەکى ئازاددا"، دەشڵێت "بۆ چارەسەرى کێشە ئەمنییەکانى تورکیا، دەبێت گرووپە کوردییەکانى سووریا لە چەک دابماڵدرێن".
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ هەینى ٢٠-١٢-٢٠٢٤، لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا کۆبووەوە.
بێربۆک لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى "ئاسایشى کورد لە سووریایەکى ئازاددا شتێکى پێویستە، بەڵام پێویستە نیگەرانییە ئەمنییەکانى تورکیاش چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەى سەقامگیرى بێتە کایەوە".
وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا وتیشى "دەبێت گرووپە کوردییەکان لە چەک دابماڵدرێن و بچنە ناو پێکهاتەى هێزە ئەمنییە نیشتمانییەکانى سووریاوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر، ئەنالینا بێربۆک لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس، دژایەتیى بۆ شەڕ لە کۆبانێ ڕاگەیاند و وتى "کۆبانێ سیمبولی شەڕی ئازایانەی کوردە لە دژی داعش، لە دوای 14 ساڵ لە جەنگ، نابێت چیدیکە خوێنڕشتن بەرۆکی خەڵکەکەی بگرێت".