پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق، دەستگیرکردنی حەوت ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە کەرکووک ڕاگەیاند.
هەواڵگری سەربازی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "یەکێک لەو ئەندامانەی داعش کە دەستگیر کراوە، کاری گواستنەوەی چەک و پێداویستی سەربازیی دەکرد بۆ ڕێکخراوی داعش".
ئەوە لەکاتێکدایە مەترسیی سەرهەڵدانەوەو بەهێزبوونەوەی داعش پرسێکی گرنگە بەتایبەت لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا.
ئەمڕۆیش فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریدا کە داعش هێزەکانی خۆی ڕێکخستووەتەوەو ژمارەیەکی زۆر چەکی دەستکەوتووە کە لە سوپای سوریا بەجێماون.
هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا کوشتنی سەرکردەیەککی داعشی ڕاگەیاند لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە دێرەزور.
ڕوبەڕوبوونەوەی داعش بەشێکیش بووە لە گفتوگۆی شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریری شام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لە دیمەشق.