مەزڵوم عەبدی: کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی یارمەتییانداین بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان
پەرەگراف
مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند: کاتی ئەوەیە ئەو شەڕڤانانەی یارمەتییانداین بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشڵێت: ئێستا دۆخێکی نوێ لە سوریا هاتووەتەئاراوەو ئەگەر ئاگربەست بکرێت و جێبەجێ بکرێت ئەو شەڕڤانە کوردانەی لە دەرەوە هاتوون سوریا جێدەهێڵن.
مەزڵوم عەبدی جەخت دەکاتەوە کە خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادە کردووە، پەیامەکەشی جۆرێکە لە دڵنیاییدان بە تورکیا کە شەڕڤانانی خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان سوریا جێدەهێڵن.
پێشتریش مەزڵوم عەبدی دەستپێشخەریی "ناوچەیەكی لە چەك داماڵدراو لە كۆبانێ، بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیا"ی خستەڕوو.
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتیشی "بۆ جەختكردنەوە لەسەر پابەندیی پتەومان بە جێبەجێكرنی ئاگربەستی تەواو لە سەرتاسەری خاكی سووریا، ئامادەییمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشكەشكردنی پێشنیازێك بەمەبەستی دروستكردنی ناوچەیەكی لە چەك داماڵدراو لە شاری كۆبانێ".
عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، لەو ناوچە داماڵدراو لە چەكەدا ئامادەن بۆ "دووبارە دابەشكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لەژێر چاودێری و بە ئامادەیی ئەمریكا. ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە چارەسەركردنی ترس و ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیایە، هاوكات بۆ دڵنیاییدانە لە سەقامگیریی هەمیشەیی ناوچەكە".