پەرەگراف
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، تورکیا و گرووپە چەکدارییەکان پابەندى ئاگربەست نین و لە هێرش بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى کۆبانێ بەردەوامن، بەڵام شەڕڤانان سەرجەم هێرشەکانیان تێکشکاندووە. هەسەدە بانگەواز ئاراستەى وڵاتانى جیهان و بەتایبەت عەرەبى دەکات، کە هەڵوێستى ڕوونتر و هەنگاوى کردارى دژى داگیرکارییەکانى تورکیا لە کۆبانێ نیشان بدەن، چونکە "بە پاساوی پووچ و بێ بنەما، هەوڵ دەدات زیاتر خاکی سووریا داگیر بکات".
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "وێڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە مەنبج و هەموو هەرێمەکانمان، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و بەکرێگیراوەکانى پابەند نەبوون و هێرشەکانیان لەسەر بەرەی باشووری کۆبانێ لە قەرەقۆزاق و بەنداوی تشترین بەردەوامە.
بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە، سوپای تورکیا و گرووپەکان دوێنی ١٨ی کانوونی یەکەم، "هێرشێکی بەرفراوان"ـیان کردووەتە سەر بەنداوی تشرین و شەڕ و پێکدادانی توند تا درەنگانی ئێوارە بەردەوام بووە، شەڕڤانانى هەسەدە "هەموو هێرشەکانیان تێکشکاندووە".ئەمە جگە لە "بۆردوومانکردنى چەندین ناوچەی کۆبانێ لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا و جموجووڵی سوپای تورکیا لە هەرێمی پرسوس".
فەرماندەیی گشتیى هەسەدە لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر "ئاگربەست و ڕاگرتنى پێکدادانەکان و چارەسەرى کێشەکان بە دیالۆگ"، هاوکات ڕایدەگەیەنێت "لە بەرانبەر هێرش و هەڕەشەکان بۆ سەر گەل و ناوچەکانمان بێ وەڵام نامێنییەوە و کۆبانێ نابێتە سەیرانگا بۆ تورک و چەتەکانى".
هەسەدە دڵنیایى دەدات کە "لە سایەی بەرخۆدانی قارەمانانەى شەڕڤانانى هەسەدە و گەلەکەمان، کۆبانێ بۆ هێزەکانی داگیرکەر دەبێتە چاڵێک کە دەرچوونیان لێى زۆر زەحمەت دەبێت".
فەرماندەیى گشتیى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەگەڵ جەختکردنەوە لەوەى "شەڕی کۆبانێ دەبێتە شەڕی سەرکەوتنی گەورە". هاوکات داوا لە هەموو خەڵکى کۆبانێ دەکات کە "چەک هەڵگرن و لەگەڵ شەڕڤاناندا لە بەرەکانی شەڕدا سەنگەر بگرن، پێکەوە هەموو گوند و بستەخاکێکی شاری کۆبانێ بکەنە قەڵای بەرخۆدان".
"دەبێت بزانین کە بەرخۆدان تاکە ڕێگای سەرکەوتن و ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانەیە. بە گەلی کۆبانێ و هەموو گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریامان دەڵێین: بە تەنیا نین، ویژدانی مرۆڤایەتی و جیهان لەگەڵتاندایە. دەبینین کە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان پێش هێرشە گەورەکە دەستی پێ کردووە و دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو جیهان شایەتحاڵی داستانی قارەمانێتیی ئێوە دەبێت"، هەسەدە وا دەڵێت.