مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی داوای یەکڕیزیی کورد و پاراستنی مافەکانی دەکەن لە سوریای نوێدا

19-12-2024 02:18

پەرەگراف

سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە یەکڕیزیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و پاراستنی مافەکانیان دەکەن لەو قۆناغە نوێیەی لە سوریا هاتووەتە ئاراوە.

ڕەوشی سوریا تەوەرێکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم بوو لەگەڵ محەمەد حەسان نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، کە تێیدا ڕەوشی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدادیش باس کراوە.

مەسرور بارزانی دەڵێت "لەبارەی دۆخی سووریا جەختمان لە گرنگی و پێویستی ڕێزگرتن و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان و لە نێویشیاندا گەلی کورد کردەوە".

سەرۆکوەزیرانی ئەوەش دەخاتەڕوو، هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە دەرهاوێشتە نەرێنییەکانی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

دۆخی نوێی سوریاو گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و ئایندەی کورد لە کوردستانی سوریا، پرسێکی گەرمە لە هەرێمی کوردستان، دوێنێش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە دوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا دۆخی سوریایان تاوتوێ کرد.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت "سەبارەت بە دۆخی سوریا داوامان کرد گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە هەوڵی دابینکردن و گەرەنتی کردنی مافەکانیان لە سوریای نوێ بدەن".