پەرەگراف
ئەحمەد شەرع داوای دەرهێنانی دەستەی تەحریری شام لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات و جەخت دەکاتەوە کە "سووریا هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێکانی و وڵاتانی ڕۆژئاوا".
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی بی بی سی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام، داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات و دەشڵێت "سووریا لە جەنگ ماندوو بووە و هەڕەشە نییە بۆ سەر جیهان"
شەرع کە ئێستا وەکوو سەرۆکی سووریا مامەڵە دەکات، ڕەتی دەکاتەوە کە بەنیاز بێت سووریا هاوشێوەی ئەفغانستان لێ بکات و دەڵێت "ئەم دوو وڵاتە زۆر جیاوازن. ئەفغانستان کۆمەڵگایەکی خێڵەکییە، لەکاتێکدا لە سووریا بیرکردنەوە و عەقڵیەتی جیاواز هەن".
لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ بی بی سی، هەر سەبارەت بە جیاوازیی بیرکردنەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەحمەد شەرع ڕایگەیاندووە "باوەڕم بە پرۆسەی خوێندن بۆ ئافرەتان هەیە".
"زیاتر لە هەشت ساڵە لە ئیدلب زانکۆمان هەیە. پێم وایە ڕێژەی ئافرەتان لە زانکۆ زیاتر لە 60٪ـە"، ئەحمەد شەرع وا دەڵێت.
کاتێک ڕۆژنامەنووسەکەی بی بی سی لێی پرسی: ئایا خواردنەوە کحولییەکان ڕێگەپێدراوە؟ شەرع لە وەڵامدا وتی "زۆر شت هەن کە من بە تەنیا مافی ئەوەم نییە قسەیان لەبارەوە بکەم، چونکە پرسی یاسایین".
بە قسەی ئەحمەد شەرع، لیژنەیەک لە پسپۆڕانی یاسایی کە دەستووری نوێ سووریا دەنووسنەوە، بڕیار لەبارەی ئەو شتانەوە دەدەن، دواتر "هەر فەرمانڕەوا و سەرۆکێک دەبێت پەیڕەویی لێ بکەن".
دەستەی تەحریری شام و سەرۆکەکەی، لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە خراوەته ناو لیستی تیرۆرەوە، تەنانەت ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاری لەسەر شوێنی ئەحمەد شەرع دانابوو.
پاش کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ماوەیەکی کەمدا لەلایەن دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و گرتنە دەستی دەسەڵاتی دیمەشق، وا دەردەکەوێت تێڕوانیی وڵاتان بۆ دەستەکە و سەرۆکەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.
ئەحمەد شەرع دەڵێت "دەستەی تەحریری شام گرووپێکی تیرۆریستی نییە، پێویسته لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت".