لە ناو بینای پارێزگای کەرکوک شەڕ ڕوویداو تەقە کرا؛ دوو پاسەوانی سەرۆکی ئەنجومەن بریندارن

18-12-2024 01:53

پەرەگراف

لەناو بینای پارێزگای کەرکوک شەڕ لە نێوان پاسەوانەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن ڕوویداو تەقەی تێدا کرا، بەوهۆیەوە دوو پاسەوانی سەرۆکی ئەنجومەن بە سوکی برینداربوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت "شەڕەکە کاتێک ڕوویداوە پاسەوانەکانی محەمەد حافز سەرۆکی ئەنجومەن ویستویەتی لە دەرگایەکەوە بچێتە ژوورەوە بۆ ئەنجومەن کە دەرگای چوونە ژوورەوەی هاوڵاتییانە، بەڵام پاسەوانەکان کە ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک دایناون ڕێگەیان نەداوەو ویستویانە لە دەرگاکەی دیکەوە بچێتە ژوورەوە، بەوهۆیەوە دەمەقاڵێ لە نێوان پاسەوانەکانی هەردوولا ڕوویداوەو بووەتە شەڕ".

بە وتەی سەرچاوەکەی پەرەگراف "جگە لە شەڕی دەستەو یەخە، چەک بەکارهاتووەو تەقەکراوە، دوو پاسەوانی سەرۆکی ئەنجومەن بە سوکی بریندارن و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و برینداری فیشەک نین. دوای شەڕەکە محەمەد حافز هەڕەشەی هێنانی هێزی حەشدی شەعبیی کردووە".

دوای ڕووداوەکە پارێزگاری کەرکوک بڕیاریداوە لێکۆڵینەوە بکرێت و بەرپرسانی باڵای پۆلیسی کەرکوک گەیشتوونەتە بینای پارێزگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.