دوو سیناتۆری ئەمەریکا هۆشداریی دەدەنە تورکیا لە هێرشکردنەسەر هەسەدە

18-12-2024 12:06

پەرەگراف

دوو سیناتۆری دیاری ئەمەریکا لە پارتی کۆماری و دیموکراتەکان هۆشداریی دەدەنە تورکیا لە هێرشکردنەسەر هێزەكانی سووریای ‏دیموكرات (هەسەدە)و هەڕەشەی ئامادەکردنی یاسای سزادانی ئەنقەرە دەکەن ئەگەر پابەندی ئاگر بەست نەبێت لە سوریاو هێرش بکاتەسەر هێزە کوردییەکان.

هەرچەندە ئاگربەست لە نێوان تورکیاو هەسەدە لە مەنبج تا کۆتایی ئەم هەفتەیە درێژکراوەتەوەو ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ درێژکردنەوەی زیاتر، بەڵام سیناتۆرەکانی ئەمەریکا گومانیان هەیە تورکیاو گروپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە هێرش بکەنەسەر هەسەدە.

لیندسی گراهام سناتۆری کۆماریی و سیناتۆر کریس ڤان هۆلن لە پارتی دیموکراتەکان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەڵێن "ئەمەریکا ناتوانێت بە بێدەنگی دابنیشێت لەکاتێکدا هاوپەیمانە کوردەکانمان کە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی دژی داعشن، لەژێر هێرشدابن".

ئەو دوو سیناتۆرە جەخت لە ئاگربەستی بەردەوام و پابەندبوونی تورکیا دەکەن بۆ ڕێگریی لە ناسەقامگیریی، هۆشداریش دەدەن کە هێرشی تورکیا کاریگەریی لەسەر ئەو زیندانانە دەبێت کە هەزاران داعشیان تێدایەو لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدەدان.

لیندسی گراهام و کریس ڤان هۆلن، بەڵێن دەدەن ئەگەر تورکیا پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئاگربەست و ناوچەی داماڵراو لە چەک، ئەوا یاسای سزاکان دژی تورکیا دەخەنەڕوو هاوشێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی لە ساڵی ٢٠١٩ پێشنیارکران.

ئەگەری هێرشی تورکیا لەکاتێکدایە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، دەستپێشخەریی "ناوچەیەكی لە ‏چەك داماڵدراو لە كۆبانێ‌، بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ‏ئەمنییەكانی توركیا"ی خستەڕوو.‏

مەزڵووم عەبدی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس دەڵێت ‏‏"بۆ جەختكردنەوە لەسەر پابەندیی پتەومان بە ‏جێبەجێكرنی ئاگربەستی تەواو لە سەرتاسەری خاكی ‏سووریا، ئامادەییمان ڕادەگەیەنین بۆ پێشكەشكردنی ‏پێشنیازێك بەمەبەستی دروستكردنی ناوچەیەكی لە ‏چەك داماڵدراو لە شاری كۆبانێ".‏

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە كردووە، لەو ‏ناوچە داماڵدراو لە چەكەدا ئامادەن بۆ "دووبارە ‏دابەشكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لەژێر چاودێری و بە ‏ئامادەیی ئەمریكا".‏

مەزڵووم عەبدی رایدەگەیەنێت "ئامانجی ئەم ‏دەستپێشخەرییە چارەسەركردنی ترس و ڕەواندنەوەی ‏نیگەرانییە ئەمنییەكانی توركیایە، هاوكات بۆ ‏دڵنیاییدانە لە سەقامگیریی هەمیشەیی ناوچەكە".‏