ئاگربەست شكستی هێنا و هێرشی توركیا بۆ سەر كۆبانێ نزیكە؛ هەسەدە: داعشمان تێكشكاند و شكست بە ئەردۆغانیش دەهێنین
پەرەگراف
هەوڵە نێوەندگیرییەكانی ئەمریكا بۆ ئاگربەست شكستیان هێنا و توركیا و گرووپە چەكدارییەكان هێزێكی گەورەیان بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانێ لەسەر سنوورەكانی شارەكە كۆكردووەتەوە. هەسەدە هۆشداری دەدات و ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوایش بۆ ڕێگری لە مەترسییەكان نامە ئاراستەی ترەمپ دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ 17-12-2024، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "توركیا پیلان دادەنێت بۆ هێرشكردنە سەر شاری كۆبانێ. تەنانەت پیلانەكەی ئەوەیە كە هەموو خاكی سووریا داگیر بكات و بە توركیاوە بیلكێنێت".
بەپێی ڕاگەیەندراوی هەسەدە "توركیا لە كۆبانێ و لە سەرتاسەری ناوچەكەدا ژمارەیەكی زۆری سەرباز و بەكرێگیروەكانی لەگەڵ چەكی قورس لە دۆخێكی ئامادەییدا ڕاگرتووە، هەروەها بە شێوەیەكی ڕۆژانە هێرش دەكات و هەڕەشە دەكات".
هەسەدە جەخت لە "بەرەنگاربوونەوەی هێرشی توركیا و گرووپەكان بۆ سەر كۆبانێ تا كۆتایی" دەكاتەوە و دەڵێت "چۆن كۆبانێ بووە سەرەتای لەناوبردنی داعش، بۆ ئەردۆغان و بەكرێگیروەكانیشی دەبێتە سەرەتای شكست".
هێزەكانی سووریای دیموكرات بانگەوازێك ئاراستەی جیهان دەكات و دەڵێت "داوا لە تەواوی گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان، هاوپەیمانان، شۆڕشگێڕان، كەسانی دیموكرات و ئازادیخواز دەكەین، كە پێویستە لە تەنیشت خەڵكی كۆبانێ و هێزەكانی سووریای دیموكرات جێ بگرن و پێكەوە ڕووحی یەكی تشرینی یەكەم زیندوو بكەینەوە. ئەم ڕووحە جارێكی دیكە جیهانەكەمان لە مەترسیی داعش و لایەنگرانی دەپارێزێت و بۆ دروستكردنی سووریایەكی دیموكرات و ئازاد ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت".
ئەم ڕاگەیەندراوەی هەسەدە پاش ئەوە دێت كە پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكییەوە بڵاوی كردەوە "توركیا ئامادەكاری بۆ هێرش كردنە سەر ئەو ناوچانە دەكات لەژێر دەستی كورددایە و دەیەوێت بەشێوەیەكی فراوان بچێتە ناو خاكی سووریا".
ئەو بەرپرسە ئەمریكییە كە ناوی نەهێنراوە، ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزێكی گەورە لە "گرووپە چەكدارەكان و هێزی كۆماندۆی توركیا و تۆپهاوێژ" لەسەر سنوورەكانی كۆبانێ كۆكراونەتەوە و جێگیر كراون.
هەرچەندە بەرپرسێكی دیكەی ئەمریكی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی وتووە "گوشار دەكەین بۆ دانبەخۆداگرتن"، بەڵام وا دەرناكەوێت هیچ گوشارێكی جیددی لەسەر توركیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەكە هەبێت و ئەنقەرە بە ئاگربەست ڕازی نەبووە.
شەوی ڕابردوو هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكی فەرمیدا شكستی هەوڵی ئەمریكای بۆ ئاگربەست ڕاگەیاند و وتی "توركیا خاڵە سەرەكییەكانی ئاگربەستی قبووڵ نەكردووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەكانی سووریای دیموكرات، "گواستنەوەی شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبج، ئەو مەدەنییانەی لە مەنبج گیریان خواردووە، بابەتی گواستنەوەی تەرمی سلێمان شا بۆ شوێنی پێشووی"، بەشێك بوون لە ناوەرۆكی ئاگربەستەكە.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، نامەیەكی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی نوێی ئەمریكا ناردووە و تێیدا داوی كردووە كە "فشار" لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا بكات، هێز نەنێرێتە سەر باكووری سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان).
ئیلهام ئەحمەد لەو نامەیەدا كە ڕۆژی دووشەممە 16-12-2024 بۆ دۆناڵد ترەمپی نادرووە، دەڵێت "ئامانجی توركیا دروستكردنی ناوچەیەكی دیفاكتۆیە لەسەر خاكی ئێمە، پێش ئەوەی تۆ وەكو سەرۆك دەستبەكار ببیت".
ئیلهام ئەحمەد هۆشداریی لە "لێكەوتەی كارەساتبار"ـی هێرشی توركیا بۆ سەر كۆبانێ داوە و دەڵێت "دەبینین توركیا بە درێژایی سنوور هێزەكانی كۆكردووەتەوە و خەڵكی مەدەنیی ئێمە لەژێر ترس و دڵەڕاوكێ و مردندان. هەر هێرشێكی توركیا ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوارەبوونی 200 هەزار كەس تەنیا لە كۆبانێ".