گەڕانەوە دوای دەیان ساڵ بێسەروشوێنبوون؛ سەیفوڵڵا بە دایكی شاد دەبێتەوە

16-12-2024 06:33

پەرەگراف

‏28‏‎ ‎ساڵ لەمەوبەر و لە هەڕەتی لاوێتیدا، دۆخی نالەباری ئابووریی هەرێمی ‏كوردستانی بەئامانجی كاركردن لە ئەورووپا جێهێشت، بەڵام سەفەر بۆ ‏ئەفریقای برد و پاش چەند ساڵێكیش بێسەروشوێن بوو. ئێستا دوای 21 ساڵ بێسەروشوێنبوون، لە تەمەنی دەوروبەری 50 ساڵیدا لە زیندانێكی وڵاتی كینیاوە ‏دەركەوتووەتەوە و دڵی دایك و كەسوكاری گەشاوەتەوە، ئەگەرچی باوكی بە ‏خەمی ونبوونی كوڕەكەیەوە سەری نایەوە‎.‎

سەیفوڵڵا حسێن، دانیشتووی شارۆچكەی سەروچاوەی سەر بە ئیدارەی ‏ڕاپەرین، لە ساڵی ١٩٩٦ بەرەو ئەورووپا بەڕێ كەوت، بەڵام بە هۆكارێك كە ‏هێشتا نازانرێت، نەگەیشتووەتەوە وڵاتانی ئەورووپا و بە ئاراستەی ئەفریقا ‏ڕۆیشتووە تا لە وڵاتی كینیا گیرساوەتەوە‎.‎

وەكوو برایەكی دەڵێت، چەند ساڵی سەرەتا كە لە وڵاتی كینیا ژیاوە، ‏پەیوەندییان بە سەیفوڵڵاوە هەبووە، بەڵام لە "15-1-2003، كۆتا پەیوەندیی ‏تەلەفۆنیی" لەگەڵ باوكی ئەنجام داوە و دوای ئەوە ئیتر بێسەروشوێن بووە‎.‎

پاش 21 ساڵ لە بێسەروشوێنبوون، سەیفوڵڵا لە زیندانێكی وڵاتی ‏كینیا دۆزرایەوە. دوای ئەوەی ئازاد كراوە، چووەتە وڵاتی ئۆگەندا و لەوێوە بە نامە پەیوەندیی بە پەیجی بەڕێوبەرایەتیی ‏پاسپۆرتی سلێمانییەوە کردووە بۆ ئەوەی سۆراغی کەسوکاری بکەن و ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی بگرنە بەر.

دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی پەیوەندی بە کەسوکاریەوە دەکات، برا و خوشکەکانی بەیانیی ئەمڕۆ 16-12-2024، خۆیان دەگەیەننە پاسپۆرتی سلێمانی و ڕاستەوخۆ بە مۆبایل قسە لەگەڵ سەیفوڵڵای برایان دەکەن و دوای 28 ساڵ دەیبیننەوە.

سەیفوڵڵا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی بۆ بەشێک لە میدیاکان کرد و وتی "من چەند جارێک دەستگیر کراوم و ئازاد کراومەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مەترسیم لەسەر بوو، نەمدەتوانی پەیوەندی بە کەسوکارمەوە بکەم".

وەکوو خۆی دەڵێت، ئەو "لە کاتێکی نەگونجاودا" چووەتە ئەفریقا، کە سەروبەندی هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووە لە کینیا.

"17 عێراقی بووین کە دەستگیر کراین، دوانیان گیانیان لەدەست دا و ئەوانی دیکە نازانم چییان بەسەر هات"، سەیفوڵڵا وا دەڵێت.

تا ئێستا بە وردی هۆكاری زیندانیکردنی سەیفوڵڵا دیار نییە، ‏بەڵام كەسوكاری لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانییەوە ‏سەرقاڵی دروستكردنی پاسپۆرتن بۆی. داوایش لە حكومەت و لایەنە ‏پەیوەندیدارەكان دەكەن كە هاوكاریان بن بۆ هێنانەوەی كوڕەكەیان‎.‎

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت "هەر ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە باڵیۆزخانەی عێراق لە نایرۆبیی پایتەختی کینیاوە کردووە، تا بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بۆ بنێرین و پاسپۆرت بۆ سەفوڵڵا دروست بکەن، تا بتوانێت بگەڕێتەوە".

سەیفوڵڵا و كەسوكارەكەی بە تایبەت دایكی، تامەزرۆی بینینەوەی یەكترن، ‏بەڵام باوكی لەو خۆشییە بێبەش بوو، چونكە لە 23-7-2023 بە تاسەی ‏بینینەوەی كوڕەكەیەوە كۆچی دوایی كرد‎.‎