وەزارەتی دارایی عێراق: دەست بە ناردنی پارە دەکەین بۆ مووچەی مانگی 11ی هەرێم

15-12-2024 04:51

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی عێراق خاڵەکانی ڕێککەوتنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ دارایی هەرێم بڵاوکردەوەو دەڵێت: لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، فەرمانگەی ژمێركاریی فیدراڵ ئەوەی لەسەری بووە كردویەتی بۆ ناردنی موچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێكەوتی ئەمڕۆوە.

شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، ئەمڕۆ لە بەغداد لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵ كۆبووەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر سێ مووچەی کۆتایی ئەمساڵی هەرێم.

دوای ئەو کۆبوونەوەیە حکومەتی هەرێم دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی ڕاگەیاند لە ڕۆژی سێ شەممەوە.

هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئەمڕۆی بڵاوکردەوەو دەڵێت: رێككەوتن كرا لەسەر ناردنی وەفدێكی تەكنیكی لە فەرمانگەی ژمێركاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی یارمەتیدانیان لە هەمواركردنی میزان موراجەعەی مانگانەی تایبەت بە خەرجییەكانی موچەو خانەنشینیی، بەگوێرەی گشتاندنی فەرمانگەی ژمێركاریی ژمارە (2421) لە 30/1/2024.

هەروەها، ئەنجامدانی گواستنەوەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ناڕێکییە داراییەکانی پەیوەست بە شایستەی خانەنشینان كە بڕی (430) ملیار دینارە، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی مادەکانی (5/یەکەم)و (77/یەکەم) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13) بۆ ساڵانی (2023، 2024، و 2025)، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت.

دارایی عێراق دەشڵێت: ئەو تێبینیانەی کە دەمێننەوە لە ماوەی (10) ڕۆژدا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی وەزاری تەکنیکی، قسەیان لەسەر دەکرێت. هەرێم پابەندە بە پێدانی شایستەیی موچەی مانگی 11 کە لەلایەن بەشی ژمێركارییەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، هەروەها بەردەوامی گفتوگۆ و بەدواداچوون لەگەڵ لیژنەی فەرمانی دیوانیی ژمارە 24660، بۆ دیراسەکردنی ئەو پرسە، بەوجۆرەی كە خانەنشینانی هەرێم بەپێی یاسای خانەنشینیی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ساڵی 2019 بگرێتەوە.