بارزانی: لێدوانەکەی ئەحمەد شەرع لەبارەی گەلی کورد لە سوریا جێی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین
پەرەگراف
مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی لێدوانەکەی ئەحمەد شەرع بڵاوکردەوە کە گەلی کوردی لە سوریا وەک بەشێک لە نیشتیمان و هاوبەش لە سوریای داهاتوو وەسفکردبوو، بارزانی دەڵێت "ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سوریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی مێژوو و ڕاستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا".
سەرۆکی پارتی دەشڵێت "ئەم جۆرە تیڕوانینە ڕێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سوریا سود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سوریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن".
ئەحمەد شەرع ناسراو بە (ئەبوو محەمەد جۆلانى)، سەرۆکى دەستەى تەحریرى شام، پەیامێکی ئاراستەى گەلى کورد لە سووریا کرد و وتی "لەمڕۆ بەدواوە ستەمتان لێ ناکرێت و کورد هاوبەشێکى سەرەکى دەبێت لە سووریاى داهاتوودا".
لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە ڕۆژى شەممە ١٤-١٢-٢٠٢٤ بڵاو بووەوە، لە وەڵامى ڕۆژنامەنووسێک کە دەپرسێت: پەیامت بۆ کورد و هاوبەشانی نیشتمانی سووریا چییە؟ ئەحمەد شەرع دەڵێت "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێ کراوە، سوپاس بۆ خوا بە لادانی ڕژێم ئەو ستەمە نەما. پشت بەخوا لە سووریای داهاتوودا کورد هاوبەشی سەرەکی دەبێت".
شەرع جەختى کردەوە کە "لەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەست پێ دەکات". وتیشى "لە سووریاى نوێدا هەموان پێکەوە دەژین و بەپێى یاسا مافەکانیان وەردەگرن".
ئەمە یەکەم پەیامى ئەحمەد شەرعە بۆ کورد لە دواى ڕووخانى ڕژێمى سووریا. پەیامەکە گشتییە و ئاراستەى کورد وەکوو نەتەوە کراوە. هێشتا هەڵوێستى نوێى ئەحمەد شەرع و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان سەبارەت بە هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) دیار نییە.