ئەحمەد شەرع: کورد هاوبەشێکى سەرەکى دەبێت لە سووریاى داهاتوودا

14-12-2024 11:38
ئەحمەد شەرع ناسراو بە (ئەبوو محەمەد جۆلانى)

پەرەگراف

ئەحمەد شەرع ناسراو بە (ئەبوو محەمەد جۆلانى)، سەرۆکى دەستەى تەحریرى شام، پەیامێک ئاراستەى گەلى کورد لە سووریا دەکات و دەڵێت "لەمڕۆ بەدواوە ستەمتان لێ ناکرێت و کورد هاوبەشێکى سەرەکى دەبێت لە سووریاى داهاتوودا".

لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە ڕۆژى شەممە ١٤-١٢-٢٠٢٤ بڵاو بووەتەوە، لە وەڵامى  ڕۆژنامەنووسێک کە دەپرسێت: پەیامت بۆ کورد و هاوبەشانی نیشتمانی سووریا چییە؟ ئەحمەد شەرع دەڵێت "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێ کراوە، سوپاس بۆ خوا بە لادانی ڕژێم ئەو ستەمە نەما. پشت بەخوا لە سووریای داهاتوودا کورد هاوبەشی سەرەکی دەبێت".

جۆلانى جەختى کردەوە کە "لەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەست پێ دەکات". وتیشى "لە سووریاى نوێدا هەموان پێکەوە دەژین و بەپێى یاسا مافەکانیان وەردەگرن".

ئەمە یەکەم پەیامى ئەحمەد شەرعە بۆ کورد لە دواى ڕووخانى ڕژێمى سووریا. پەیامەکە گشتییە و ئاراستەى کورد وەکوو نەتەوە کراوە. هێشتا هەڵوێستى نوێى جۆلانى و گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان سەبارەت بە هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) دیار نییە.