سەندیکای کارمەندانی تەندروستی: بایکۆت مافی خۆتانە

14-12-2024 01:28

پەرەگراف

هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت "٥٤ ڕۆژە هیچ مووچەیەک دابەش نەکراوە و حکومەت سێ مووچەی ئەمساڵ قەرزارە". لە پەیامێکیشدا بۆ کارمەندان و فەرمانبەرانی تەندروستی دەڵێت "جگە لە شوێنە هەستیارەکان، بایکۆت مافی خۆتانە".

ئەم هەڵوێستەى سەرۆکى لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیى کوردستان لەکاتێکدایە کە تا ئێستا مووچەى مانگى ١٠ لە هەرێمى کوردستان دابەش نەکراوە. بەهۆى سەختیى گوزەرانیانەوە، بەشێکى زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە سنوورى پەروەردە و فەرمانگەکانى سلێمانى، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتى دەوامیان کردووە.

مامۆستایان جگە لە داواکردنى مووچەى مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢یش داواى دەستپێکردنەوەى پلە بەرزکردنەوە و بەبانکیکردنى مووچە بەپێى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى دەکەن.

پاش دوو مانگ چاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مووچەیەک، هێشتا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقین مووچەی مانگی ١٠ خەرج بکات".

ڕۆژى ١٢-١٢-٢٠٢٤، وتەبێژ و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و باسیان لە وردەکارییەکانی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

هاوشێوەی ڕوونکردنەوە و کۆنگرەکانی پێشوویان، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ باینوویەک بەدەست بەغداوە نەمێنێت".

بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دوایین زانیارییەکان لەسەر مووچە، وتیان "تا ئێستا تیممان لەناو وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی بتوانیین بەلای کەمەوە تەمویلێک وەربگرین کە مووچەی مانگی ١٠ـی پێ دابەش بکەین".

سەبارەت بە مووچەکانی دیکەش، وەزارەتی دارایی دەڵێت "لیستی مووچەی مانگی ١١ وردبینی کراوە و ئامادەیە بۆ خەرجکردن، لیستی مووچەی مانگی ١٢یش ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە".

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەڕێم ڕایگەیاند "داوای گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینارنمان لە (لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی ‏تەرخانكراو بۆ مووچە) لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و لە ٩-١٢-٢٠٢٤ بڕیاریان لەسەر خەرجکردنی داوە".

بەپێی ڕوونکردنەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم، هێشتا دیار نییە مووچەی مانگی ١٠ کەی دابەش دەکرێت و چارەنووسی مووچەکانی دیکەش نادیارە.