پەرەگراف
سەربارى ڕاگەیاندنى ئاگربەست لەلایەن هەردوو لاوە، بەڵام شەڕى نێوان شەڕڤانانى هەسەدە و چەکدارانى گرووپەکانى نزیک لە تورکیا بەردەوامە. ئەگەرچى گرووپەکان دەڵێن "بەنداوى تشرینمان کۆنترۆڵ کردووە"، بەڵام هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە "شەڕڤانان سەرجەم هێرشەکان لە بەنداوى تشرین و پردى قەرەقۆزاق تێکشکاندووە و سەدان چەکداریش کوژراون و بریندار بوون".
ئەمڕۆ گرووپە چەکدارییەکان کە تورکیا پاڵپشتییان دەکات و خۆیان لەژێر ناوى "سوپاى نیشتمانیى سووریا" ڕێکخستووە، بە بڵاوکردنەوەى هەندێک گرتەى ڤیدیۆیى ناوچەکە ڕایانگەیاند کە "بەنداوى تشیرنمان کۆنترۆڵ کردووە".
بەنداوى تشرین دەکەوێتە باشوورى ڕۆژهەڵاتى شار مەنبیج و هێزەکانى سووریا دیموکرات کۆنترۆڵکردنى لەلایەن گرووپەکانەوە ڕەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ ١٣-١٢-٢٠٢٤، فەرماندەیی گشتیی ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج سەر بە هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕایگەیاند "پاش سێ ڕۆژ لە بەرگریی قارەمانانە، هێزەکانمان توانییان سەرجەم هێرشەکانی گرووپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق شکست پێ بهێنن و زیانی گەورەیان پێ بگەیەنن".
ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج دەڵێت "210 بەکرێگیراو کوژراون، کە 142یان لە بەنداوی تشرین و 68یان لە پردی قەرەقۆزاق کوژراون، سەدانی دیکەش بریندار بوون".
هەروەها ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە زیانەکانى دیکەى ئەو گرووپانەوە دەڵێت "٣٩ ئۆتۆمبێلى سەربازیى ئەو گرووپانە و شەش زرێپۆشى سوپاى تورکیا و ٢٠ ماتۆڕ تێکشکێندراون".
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانى هەسەدە، ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبیج دەڵێت "هەشت شەڕڤان شەهید و ١٣ـى دیکە بریندار بوون".
هەسەدە دەڵێت "سەربارى ئاگربەست لەژێر چاودێریى ئەمریکا، بەڵام گرووپە چەکدارییەکان بە پاڵپشتیى تورکیا دەیان هێرشیان بۆ سەر بەنداوى تشرین و پردى قەرەقۆزاق ئەنجام داوە و پێکدادانى توند لەنێوان شەڕڤانان و ئەو گرووپانە ڕووى داوە".
هاوکات هەر دوێنێ گرووپە چەکدارییەکان بە فەرمى ڕایانگەیاند کە "ئاگربەستێکى چوار ڕۆژى"یان لەگەڵ هەسەدە ڕاگەیاندووە، کە لە "کاتژمێر ٥ـى ئێوارەى پێنجشەممە ١٢-١٢-٢٠٢٤ دەست پێ دەکات و تا ئێوارەى دووشەممە ١٦-١٢-٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت".