وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە بەغداد

13-12-2024 04:24

پەرەگراف

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، بلینکن و سوودانی دۆخی سوریاو گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتەو کاریگەرییان لەسەر عێراق تاوتوێ کرد.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، سوودانی پاڵپشتی عێراقی بۆ ئاسایشی سوریا دووپاتکردووەتەوە لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان و جەختی لە پێویستی نوێنەرایەتیکردنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە ئیدارەدانی وڵاتەکەیان کردەوە.

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق دووپات کردەوەو داوایکردووە عێراق ئاستی ئاسایشی وڵاتەکەی بەرز بکاتەوەو سەروەری و سەقامگیریی بەهێز بکات.

بلینکن لەبارەی دۆخی سوریا دەڵێت، پێویستە هەموو کەمینەکانی سووریا بپارێزرێن و حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان بکات.

سەردانەکەی بلینکن بۆ بەغداد، دوای ئەوە دێت کە رۆژی 12-12-2024 گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

تەوەری سەرەکیی سەردان و کۆبوونەوەکانی بلینکن گفتوگۆکردنە لەسەر داهاتووی سوریا لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد.