ئاڵاى نوێى سووریا لە ڕۆژئاواى کوردستان هەڵدەدرێت

12-12-2024 07:06

پەرەگراف

ئیدارەى خۆبەڕێوەبەریى ڕۆژئاواى کوردستان، پیرۆزبایى کۆتاییهێنان بە ڕژێمى سووریا لە گەلانى وڵاتەکە دەکات و بڕیارى دا بە هەڵدانى ئاڵاى نوێى سووریا لەسەر دام و دەزگاکانى ژێر دەسەڵاتى خۆى لە باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا.

ئاڵاى نوێى سووریا کە بە ئاڵاى شۆڕشى سووریا ناسراوە، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى سووریا لە ساڵى ٢٠١١، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەکار هێنرا. جیاوازیى لەگەڵ ئاڵاى پێشوو ئەوەیە کە ڕەنگى سوورى بەشى سەرەوەى ئاڵاکە بۆ سەوز گۆڕدراوە و ژمارەى ئەستێرەکانى لە دووەوە کراوە بە سێ.

ئەنجوومەنی گەلانی دیموکراتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بەهۆیی هاتنەئارای گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە، کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریش بەشێکە لێی، ئەنجوومەنی گەلانی دیموکرات بڕیاری داوە لە تەواویی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا ئاڵای سووریا هەڵبدرێت".

ئەنجوومەنی گەلانى ديموكرات پابەندبوونی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی تەواوی پێکهاتەکان دووپات کردووەتەوە و جەخت لەسەر "کارکردن بۆ پتەوکردنی یەکێتیی نیشتمانی لە چوارچێوەی سووریای دیموکراتدا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانیی نێوان هەموو پێکهاتەکان" دەکاتەوە.

نوێدەکرێتەوە...