پەرەگراف
پاش دوو مانگ چاوەڕوانیی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مووچەیەک، ئێستاش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی عێراقین مووچەی مانگی 10 خەرج بکات".
ئەمڕۆ 12-12-2024، وتەبێژ و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجام دا و باسیان لە وردەکارییەکانی گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
هاوشێوەی ڕوونکردنەوە و کۆنگرەکانی پێشوویان، وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی مووچەمان چارەسەر کردووە و وامان کردووە هیچ باینوویەک بەدەست بەغداوە نەمێنێت".
بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دوایین زانیارییەکان لەسەر مووچە، وتیان "تا ئێستا تیممان لەناو وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی بتوانیین بەلای کەمەوە تەمویلێک وەربگرین کە مووچەی مانگی 10ـی پێ دابەش بکەین".
سەبارەت بە مووچەکانی دیکەش، وەزارەتی دارایی دەڵێت "لیستی مووچەی مانگی 11 وردبینی کراوە و ئامادەیە بۆ خەرجکردن، لیستی مووچەی مانگی 12یش ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە".
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەڕێم ڕایگەیاند "داوای گواستنەوەی ٤٣٠ ملیار دینارنمان لە (لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە) لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و لە ٩-١٢-٢٠٢٤ بڕیاریان لەسەر خەرجکردنی داوە".
بەپێی ڕوونکردنەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم، هێشتا دیار نییە مووچەی مانگی 10 کەی دابەش دەکرێت و چارەنووسی مووچەکانی دیکەش نادیارە، لەکاتێکدا بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی خراپیی گوزەرانیانەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم کە خۆیان کەمترین وەڵامی ڕۆژنامەنووسان دەدەنەوە، داوا له میدیاکان دەکەن بۆ پرسیاری مووچە بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتەکە. بەشێک لە میدیاکانیش تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لە "زاری سەرچاوەی بێ دایک و باوک و پەرلەمانتاری زۆربڵێی بێ ئاستـەوە هەڵمەتی چەواشەکارانە دژی وەزارەتی دارایی ئەنجام دەدەن بۆ شێواندنی دەروونی مووچەخۆران".
لەگەڵ تەواوبوونى قسەکانى خۆیان، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادە نەبوون وەڵامى پرسیارى ڕۆژنامەنووسان بدەنەوە و بەپەلە شوێنى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیان جێهێشت.