وەزیری بەرگری ئەڵمانیا بۆ دۆخی سوریاو پشتیوانیی زیاتری پێشمەرگە لە هەولێرە

12-12-2024 11:27

 

پەرەگراف

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە هەولێرەو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخی سوریاو پشتیوانیی زیاتری پێشمەرگەیان تاوتوێ کرد.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ پێشوازی لە بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کرد و کۆبوونەوە، سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووريا، کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئەرک و چالاکیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و دۆخی گشتیی عێراق، تاوتوێ کران، هەروەها دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جياكاندا، بیروڕایان گۆڕییەوە".

نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی بەردەوامی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هه‌موو بوارەکاندا دووپات کردەوە، ستايشى رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتیوانیکردنی عێراق و هه‌رێمى كوردستان لە شەڕی دژی داعشدا كرد، هه‌روه‌ها هاوكاريى‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانياى له‌ پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و يارمه‌تييه‌كانى ئه‌ڵمانياى بۆ پێكهاته‌كان، به‌تايبه‌تى ئێزدييان بەرز نرخاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم "وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەسەر پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی پشتگیری و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردەوە. هه‌روه‌ها خۆشحاڵيى خۆى به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانيان له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن".

سوپای ئەڵمانیا بە مەشق و ڕاھێنان و پێدانی چەک و ڕاوێژ، پاڵپشتیی پێشمەرگەو ھێزەکانی عێراق بوون لە تێکشکاندنی داعش و بەردەوامن لە کارکردن بەتایبەت لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەو بەشێکن لە پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

حەوت ساڵە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و راوێژ و دابینکردنی پێداویستی سەربازیی و هەماهەنگی دیكە، دەیانەوێت سوپایەكی نیشتمانی بۆ هەرێمی كوردستان پێكبهێنن لەڕێی نەهێشتنی هێزی سەر بە پارتی و یەكێتی، ئەوەش لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

هاوپەیمانان چەندینجار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.