پەرەگراف
ئەو ٤٣٠ ملیار دینارەى کە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارى گواستنەوە و خەرجکردنى دابوو بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم، خرایە سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەک دەڵێت "خشتەى مووچەى مانگى ١٠ ئامادەیە و بەزوویى ڕادەگەیەندرێت".
وەزارەتى دارایى عێراق بڕیارە مانگانە ٧٦٠ ملیار دینارى بۆ مووچەى مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ـى مووچەخۆرانى هەرێم خەرج بکات، سەربارى خەرجکردنى پارەى مانگى ١٠، بەڵام وەزارەتى دارایى هەرێم تا ئێستا مووچەى دابەش نەکردووە بە پاساوى بوونى کورتهێنان.
پاش ڕێککەتنى شاندە تەکنیکییەکانى وەزارەتى دارایى هەرێم و وەزارەتى دارایى عێراق لەسەر گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە، ، ڕۆژی دووشەممە ( ٢٠٢٤/١٢/٩ ) بەڕێوبەرایەتیی گشتیی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارى ٤٣٠ ملیار دینارى بۆ مووچەى هەرێم دا و ئەمڕۆ پارەکە گەیشتە هەرێ.
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە پەرەگرافى وت "بەزوویى و لە یەکدوو ڕۆژى داهاتوودا خشتەى مووچە لەلایەن وەزارەتى دارایى هەرێمەوە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٠ دەکرێت".
سەبارەت بە مووچەى مانگەکانى ١١ و ١٢، وەزارەتى دارایى هەرێم لیستى مووچەى ئەو مانگانەى ڕادەستى بەغدا کردووە و چاوەڕێیە ٧٦٠ ملیار دینارى مووچەى ئەو دوو مانگە خەرج بکرێت.
ئەو ٤٣٠ ملیار دینارەى لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە گواستراوەتەوە، بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مووچەى مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ـەیە، بەڵام ڕەنگە ئەوەش بە تەواوى کورتهێنانى مووچە چارەسەر نەکات، بۆیە دەبێت حکومەتى هەرێم لە داهاتى ناوخۆ پڕى بکاتەوە.
بەپێى زانیارییەکان، لە بەرامبەر خەرجکردنى پارەى مووچەى هەرێم، وەزارەتى دارایى عێراق داوى رادەستکردنى پشکى خۆى لە داهاتى ناوخۆ لە حکومەتى هەرێم کردووە، کە تا ئێستا حکومەتى هەرێم داهاتى شەش مانگى دووەمى ئەمساڵى نەناردووە بۆ بەغدا.