خامنەیى: ڕووداوەکانى سووریا نەخشە و پلانێکى هاوبەشى ئیسرائیل-ئەمریکایە

11-12-2024 12:41
عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئێران

پەرەگراف

عەلى خامنەیى، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئێران، ڕووداوەکانى سووریا بە "نەخشە و پلانێکى هاوبەشى (زایۆنى)ئیسرائیل-ئەمریکا" ناو دەبات و دەڵێت "نابێت هیچ گومان لەوە بکەین". بەبێ ناوهێنانى تورکیاش دەڵێت "هەموان دەبینین کە وڵاتێکى دراوسێى سووریا ڕۆڵێکى ئاشکراى تێدا گێڕاوە و بەردەوامیشە".

خامنەیى لە یەکەم وتاریدا دواى ڕووداوەکانى سووریا، جەختى لەوە کردەوە کە "ژوورى فەرمانى (جێبەجێکردنى پێشهاتەکانى سووریا) لە ئیسرائیل و ئەریکا بووە". ئاماژەى بە بوونى "بەڵگەى بێگومان" بۆ ئەوە کرد.

سەبارەت بە شیکرنەوەى هەندێک لە شرۆڤەکاران کە پێشهاتەکانى ئەم ماوەیەى غەززە، لوبنان و سووریا بە لاوازبوونى بەرەى موقاوەمە و پێگە و ڕۆڵى ئێران ناو دەبەن، ڕابەرى باڵاى شۆڕشى ئێران ئەو کەسانەى بە "نەزان" ناو برد و وتى "ئێران بەهێزە و بەهێزتریش دەبێت".

"من پێتان دەڵێم کە پشتیوان بە خوا بڵاوبوونەوەی مقاوەمە زیاتر لە جاران هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە. بەرەی مقاوەمە هەرچی گوشاری لەسەر زیاتر بکەن، بەهێزتر دەبێت، هەرچی تاوان بکەن، ئەو زیاتر هان دەدرێت، هەرچی لەگەڵیدا شەڕ بکەن، فراوانتر دەبێت"، عەلى خامنەیى واى وت.