پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، تیمەكانانیان لە بەغداد كێشەی گواستنەوەی پارەیان چارەسەر كردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە و فەرمانی خەرجكردنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچووە.
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی داراییەوە:
تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی كێشەی گواستنەوەی پارەی چارەسەر كرد. دوای سەردانی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بۆ بەغدادو بردنی لیستی مووچەی مانگی كانونی یەكەم بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ.
دوای هەوڵە بەردەوامەكانیان لە گەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق، تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سەركەوتوانە توانیان كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە چارەسەر بكەن و ڕۆژی دووشەممە ( ٢٠٢٤/١٢/٩ ) لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە فرمانی گواستنەوەكە دەرچوو.
تیمەكەمان بەبەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەو گەیشتنی پارەكە بەمەبەستی چارەسەركردن و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دروست كراوە. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوریی.
٢٠٢٤/١٢/١٠