دەستەی دەستپاكی: گەندەڵی هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر حوكمڕانی و باشتركردنی گوزەرانی ‏هاووڵاتیان

09-12-2024 08:36

پەرەگراف

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "تا ئێستا گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ‏و عێراق هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر پرۆسەی حوكمڕانی و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ‏هاووڵاتیان. سەرباری هەوڵەكان، هێشتا عێراق لە ڕیزبەندیی نێوان 20 بۆ 25ـەمی گەندەڵترین ‏وڵاتەكاندایە". هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دووپاتیشی دەكاتەوە كە "هەشت ساڵە داوای دامەزراندنی ‏دادگایەكی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی دەكەین، بەڵام تا ئێستا نەكراوە". ‏

ڕۆژی 9ـی كانووی دووەمی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە بە ڕۆژی ‏بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دیاری كراوە. دەستەی دەستپاكی لە هەرێم ساڵانە لەم ڕۆژەدا ئامار و ‏داتاكان سەبارەت بە گەندەڵی و لەمپەرەكانی بەردەم كارەكانیان دەخاتە ڕوو.‏

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی ‏ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەمساڵ 207 كەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگاكان كراون، لەو ژمارەیە ‏‏27یان یەكلاكراونەتەوە و 167یان لە دادگاكاندان و 13 كەیسیش بەهۆی كەموكورتییەوە ‏گەڕێندراونەتەوە بۆ دادوەرانی لێكۆڵینەوەی دەستپاكی".‏‎ ‎
‎ ‎
بەپێی داتاكانی دەستەی دەستپاكی، لە 11 مانگی ئەمساڵدا (1-1-2024 تا 1-12-2024)، لە ‏دەستەی دەستپاكی "573 داوای سزایی و 221 داوای هەواڵدەری" تۆمار كراون، كە لەو ژمارەیە ‏‏"223"ـی سزاییان ڕەوانەی دادگاكان كراون.‏

ئێستا كۆی داواكان كە لەژێر لێكۆڵینەوی دەستەی دەستپاكیدان، "هەزار و 47"داواكارین كە ‏بەشێكیان هی ساڵانی پێشترن و هێشتا فریا نەكەوتوون یەكلایان بكەنەوە، بەهۆی ئەوەی ‏پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد و زیاترە.‏
‎ ‎
سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە دۆسیەی بەرپرسانی پلەباڵا ‏لەناو كەیسەكانی گەندەڵیدا هەیە و دەڵێت "زیاتر لە 100 بەرپرسی پلەباڵا لە وەزیر و ‏بەڕێوەبەری گشتی و پلەكانی خوارتر، لە دادگاكانی لێكۆڵنەوەی دەستپاكی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵد ‏كراوە".‏

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لای خەڵك، سزانەدانی بەرپرسانی باڵایە لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی، ‏لەكاتێكدا بەرپرسان خۆیان باس لە بوونی گەندەڵیی گەورە لە هەرێم دەكەن. حاكم ئەحمەد ‏ئەنوەر دەڵێت "ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان نییە ڕاستەوخۆ كەیسەكان بنێرینە دادگاكان، بەڵكو ئەو ‏دەسەڵاتە دراوە بە دادوەرانی دەستی دەستپاكی كە ئەندامی دەستەی دادوەرین".‏
‎ ‎
دەستەی دەستپاكیی هەرێم كێشەی كەمیی توانای مرۆیی هەیە و سەرۆكەكەی دەڵێت "ماوەی زیاتر ‏لە هەشت ساڵە بە بوونی تەنیا 22 لێكۆڵەری دەستپاكی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، لە ‏بەرانبەر كەرتێكی گشتی كە خۆی لە زیاتر لە 800 هەزار فەرمانبەردا دەبینێتەوە، ئەركەكانی ‏خۆمان جێبەجێ‌ دەكەین".‏