لە مەنبیج شەڕێکى سەختە؛ هەسەدە کۆنترۆڵکردنى شارەکە لەلایەن گرووپەکانەوە ڕەت دەکاتەوە
پەرەگراف
گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا کە بە پاڵپشتیى تورکیا ئۆپەراسیۆنى (فجر الحریە)ـیان بۆ سەر شارى مەنبیج دەست پێ کردووە، گەیشتوونەتە ناو شارەکە و بانگەشەى ئەوەش دەکەن کە بە تەواوى کۆنترۆڵیان کردووە. بەڵام هەسەدە ڕەتى دەکاتەوە دەڵێت "ئەو درۆیە بۆ پەردەپۆشکردنى شکستەکانیانە کە دەیان چەکداریان کوژراون و برینداربوون".
ئێوارەى ئەمڕۆ گرووپە چەکدارییەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتى دەکرێن، ڕایانگەیاند کە "بەتەواوى شارى مەنبیجیان کۆنترۆڵ کردووە".
لە وەڵامدا، ناوەندى ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبیج سەر بە هێزەکانى سووریاى دیموکرات ڕایگەیاند "شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبیج و ئەلباب بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی بەکرێگیراوانی تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر شاری مەنبیج و لادێکانی دەوروبەرى، کە دەیان کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی بەکرێگیراواندا هەن".
ناوەندى ڕاگەیاندنى ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبیج دەشڵێت "بەمەبەستی پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان، پەیجەکانی سەر بە بەکرێگیراوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان ناوچەیەکی فراوانی مەنبیجیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەم زانیاریانە درۆیە".
هەسەدە ئاماژەى بەوە کردووە کە هێزەکانیان بە بەکارهێنانی "ڕێگا و شێوازی سەربازیی جۆراوجۆر" بەردەوامن لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتوانەکەى.