حکومەتی هەرێم: ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین

08-12-2024 04:51

پەرەگراف

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بڵاوکردەوەو دەڵێت: گۆڕانکاریی خێرا و کەوتنی ڕژێمی دەسەڵاتداری سووریا، سەردەمێکی نوێی هێناوەتە کایەوە.

دەشڵێت "ڕێز لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و هیوادارین سووریای داهاتوو ، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەمو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتی درێژخایەنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا کۆتایی هات و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختد گرت و شارەکەیان بە "ئازادکراو" ڕاگەیاند و سورییەکان لەناوخۆی وڵاتەکەیان و لە دەرەوەش لە شەقامەکاندا ئاهەنگیان گێڕا.

ڕووسیا کە هاوپەیمانی سەرەکی بەشار ئەسەد بوو ڕایگەیاند، ڕادەستکردنى دیمەشق بە دانوستان و ئاشتییانە بووە و بەشار ئەسەد "پاش گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنى بەشدار لە پێکدادانە چەکدارییەکانى سووریا، بڕیارى دا واز لە پۆستى سەرۆکایەتى بهێنێت و وڵات جێبهێڵێت. ڕێنمایشى دەرکرد بۆ ڕادەستکردنى وڵات بە ئاشتییانە".

وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانى سووریا نیگەرانى دەردەبڕێت و داوایش لە هەموو لایەنەکان دەکات "دووربکەونەوە لە توندووتیژى و پرسەکان بە ڕێگەى سیاسى چارەسەر بکرێن".

وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا ئاماژەى بەوە کردووە کە وڵاتەکە لە دانوستانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و بەشار ئەسەد بۆ ڕادەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات بەشدار نەبووە و دەشڵێت "لەگەڵ هەموو گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا لە پەیوەندیداین و داوا دەکەین ڕێز لە ڕا و بۆچوونى هەموو نەتەوە و هێزەکانى سووریا بگیرێت".

هاوکات محەمەد غازی جەلالی سەرۆکوەزیرانی سوریا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، حکومەت ئامادەیە “بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ هەر سەرکردایەتییەک کە خەڵک هەڵیبژێرێت”.

بەشێک لە شرۆڤەکاران ڕووداوەکانی سوریا بە نیشانەی داڕمانی “دەسەڵاتی ئێران” ناودەبەن کە هاوشانی ڕووسیا هاوپەیمانی ئەسەد بوو لە شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011وە.