پەرەگراف
ڕووسیا دەڵێت، ڕادەستکردنى ئاشتییانەى دیمەشق بە دانوستان بووە و بەشار ئەسەد "پاش گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنى بەشدار لە پێکدادانە چەکدارییەکانى سووریا، بڕیارى دا واز لە پۆستى سەرۆکایەتى بهێنێت و وڵات جێبهێڵێت. ڕێنمایشى دەرکرد بۆ ڕادەستکردنى وڵات بە ئاشتییانە".
وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانى سووریا نیگەرانى دەردەبڕێت و داوایش لە هەموو لایەنەکان دەکات "دووربکەونەوە لە توندووتیژى و پرسەکان بە ڕێگەى سیاسى چارەسەر بکرێن".
وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا ئاماژەى بەوە کردووە کە وڵاتەکە لە دانوستانى نێوان ئۆپۆزسیۆن و بەشار ئەسەد بۆ ڕادەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات بەشدار نەبووە و دەشڵێت "لەگەڵ هەموو گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا لە پەیوەندیداین و داوا دەکەین ڕێز لە ڕا و بۆچوونى هەموو نەتەوە و هێزەکانى سووریا بگیرێت".
ڕووسیا پشتیوانى بۆ هەوڵەکانى چارەسەرى کێشەى سووریا لەسەر بنەماى بڕیارى ٢٢٥٤ـى ئەنجوومەنى ئاسایش دەردەبڕێت و داوا لە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سووریا دەکات بەپەلە دانوستانى فراوان لەنێوان لایەنەکانى سووریا ڕێک بخات.