ڕۆیتەرز: ئەگەرى هەیە فڕۆکەکەى ئەسەد خرابێتە خوارەوە

08-12-2024 11:10

پەرەگراف

ئاژانسى هەواڵى ڕۆیتەرز لە زارى سەرچاوەکانى ناو سووریاوە بڵاوى کردەوە "ئەگەرى بەهێز هەیە ئەو فڕۆکەیەى بەشار ئەسەدى هەڵگرتووە، خرابێتە خوارەوە و خۆیشى کوژرابێت".

ئاژانسى ڕۆیتەرز دەڵێت "بەپێى ماڵپەڕى فلایت ڕادار کە چاودێریى جووڵەى فڕۆکە دەکات، فڕۆکەیەکى سوورى لە دیمەشقەوە فڕیوە، لە دەوروبەرى ئەو کاتەدا کە دیمەشق لەلایەن ئۆپۆزسیۆنى سووریاوە کۆنترۆڵ کرا".

بەپێى ئاژانسەکە، فڕۆکەکە سەرەتا بەرەو کەناراوەکانى سووریا ڕۆیشتووە کە ناوەندى ئەسەد و عەلەوییەکانە، بەڵام لەناوکا گەڕاوەتەوە و بە ئاراستەى پێچەوانە چەند خولەکێک ڕۆیشتووە، پاشان لەسەر نەخشە نەماوە.

پێشتریش سەرچاوەکانى ئیسرائیل بە ماڵپەڕى ئاکسیوسیان ڕاگەیاندبوو کە بەشار ئەسەد بە هێلیکۆپتەرێک لە دیمەشقەوە بەرەو بنکەیەکى ڕووسیا لە کەناراوەکانى سووریا ڕۆشتووە.

دوو سەرچاوەى سوورى بە ڕۆیتەرزیان وتووە، ئەگەرى بەهێز هەیە بەشار ئەسەد لە ڕووداوى کەوتنەخوارەوەى فڕۆکەکەدا گیانى لەدەست دابێت، چونکە بەشێوەیەکى زۆر گوماناوى فڕۆکەکە بەئاراستەى پێچەوانەى گەڕاوەتەوە

یەکێکە لە سەرچاوەکان دەڵێت "فڕۆکەکە لە ڕادار دیار نەماوە، لەوانەیە جى پى ئێسەکەى کوژێندرابێتەوە. بەڵام ئەگەرى بەهێزتر ئەوەیە فڕۆکەکە خرابێتە خوارەوە".

تا ئێستا ڕۆیتەرز نەیتوانیوە پشتڕاستى بکاتەوە کە سەرنشینەکانى فڕۆکەکە کێ بوون، هەروەها پشتڕاست نەکراوەتەوە کە بەشار ئەسەد لەناو ئەو فڕۆکەیەدا بووە یان نا.