پەرەگراف
دەستەى تەحریرى شام ئەمشەو شارى حیمسى لە باکوورى دیمەشق کۆنترۆڵ کرد و دەڵێت "بەرەو دیمەشق دەڕۆین". هاوکات گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى دیکەى سووریا لە باشوورەوە گەیشتوونەتە دەروازەکانى دیمەشق و لە هەوڵى گەمارۆدانى شارەکەدان. بەشار ئەسەدى سەرۆکى سووریا کە زانیاریى جیاواز لەبارەى شوێنى ئێستایەوە هەیە، بۆ خۆدەربازکردن لەو دۆخەى تێیکەوتووە پێشنیازى "گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و نووسینەوەى دەستوورێکى نوێ" دەکات.
دەستەى تەحریرى شام کاتژمێر ١٢ـى ئەمشەو کۆنترۆڵکردنى تەواوى شارى حیمسى لە ناوەڕاستى سووریا ڕاگەیاند، بەوەش دواى حەلەب و حەما، سێیەم پارێزگاى سووریاى خستە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە. ئێستا چەکدارانى ئەو گرووپە بەئاراستەى دیمەشقى پایتەخت لەپێشڕەویدان.
هاوکات گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى دیکەى سووریا کە لە شارى دەرعاى باشوورى وڵاتەوە "ژوورى ئۆپەراسیۆنى باشوور"ـیان ڕاگەیاند، پاش کۆنترۆڵکردنى پارێزگاکانى دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، ئێستا گەیشتوونەتە دەروازەکانى دیمەشق.
"سوپاى سووریاى ئازاد"ـیش کە لە بنکەى تەنەفى باشوورى ڕۆژهەڵاتی سووریاوە دەستى بە پێشڕەوى کرد، ئێستا لە بەشى ڕۆژهەڵات و باکوورى ڕۆژهەڵاتەوە گەمارۆى خستووەتە سەر دیمەشقى پایتەخت.
بارودۆخ لەناو دیمەشقى پایتەخت ئاڵۆزە و قسەى جیاوازیش لەبارەى شوێنى بەشار ئەسەدى سەرۆکى وڵاتەوە دەکرێت.
ماڵپەڕى فلایت ڕادار کە چاودێریى گەشتە ئاسمانییەکان دەکات، دەڵێت "لە دەوروبەرى کاتژمێر ٥:٠٠ـى ئێوارەى شەممە، فڕۆکەیەکى تایبەت فڕۆکەخانەى دیمەشقى جێهێشتووە". زانیارى لەبارەى کەسانى ناو فڕۆکەکە و ئەو وڵاتەى کە گەشتى بۆ کردووە بڵاو نەکراوەتەوە.
ئیسرائیل دەڵێت "بەپێى زانیارییە هەواڵگرییەکانمان، بەشار ئەسەد هێشتا لە دیمەشقە". بەڵام سى ئێن ئێن لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە بڵاوى کردووەتەوە کە "پاسەوانانى سەرۆکایەتیى کۆمار لە شوێنى نیشتەجێبوونى ئەسەد بەدى ناکرێت، ئەمەش ئەگەرى ئەوە بەهێز دەکات کە دیمەشقى جێهێشتبێت".
ماڵپەڕى بلۆمبێرگیش لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە دەڵێت "ئەگەرى ئەوە هەیە ئەسەد لە تارانى پایتەختى ئێران بێت".
بلومبێرگ لە زارى سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویشى کردووەتەوە کە بەشار ئەسەد بۆ دەربازبوون لەو دۆخەى تێیکەوتووە، دەستپێشخەریی ناڕاستەوخۆى ئاراستەى واشنتۆن و دۆناڵد ترەمپى سەرۆکی هەڵبژێردراوى ئەمریکا کردووە.
ماڵپەڕەکە دەشڵێت "ئەسەد پێشنیازی نووسینەوەى دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن"ـى کردووە.