ترەمپ: شەڕى سووریا، شەڕى ئێمە نییە

07-12-2024 07:06

پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا، دەڵێت "نابێت ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکى بە شەڕى سووریاوە هەبێت. شەڕى ئێمە نییە و سووریا دۆستى ئێمە نییە". ڕوو لە کاربەدەستانى ئێستاى وڵاتەکەیشى دەڵێت "دەستوەردان مەكەن و لێگەڕێن با بەردەوام بێ".

دۆناڵد ترەمپ کە لە ساڵى نوێدا وەکوو سەرۆکى ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، لە یەکەم کاردانەوەیدا لەبارەى ڕووداوەکانى سووریاوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس دەڵێت "هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر شاردا گرتووە و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشقیشیان کۆنترۆڵ کردووە، خۆیان بۆ کارێکى گرنگ ئامادە کردووە کە لادانی ئەسەدە."

سەبارەت بە ڕۆڵى ڕووسیا لە شەڕەکەدا، ترەمپ دەڵێت "ڕووسیا بەهۆی لەدەستدانی 600 هەزار سەرباز لە جەنگی ئۆکراینا و سەرقاڵی بەو جەنگەوە، پێدەچێت نەتوانێت یارمەتیی سووریا بدات."

گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا لە چەند بەرەیەکەوە سەرقاڵى کۆنترۆڵکردنى ناوچەکانى ئەو وڵاتەن و سوپاى سووریا لە کشانەوەى بەردەوامدایە بەرەو دیمەشقى پایتەخت. ئێستا شەڕ گەیشتووەتە ناوچەکانى دەوروبەرى دیمەشق و هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا لە هەوڵى گەمارۆدانى پایتەختدان.