پەرەگراف
سوپاى سووریا بەخێراییەکى زۆر بەرەو دیمەشق لەپاشەکشەدایە و گرووپەکانى ئۆپۆزسیۆن لە باشوورەوە گەیشتوونەتە ناوچەیەک کە تەنیا ١٠ کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە. ئەبوو محەمەد جۆلانى، سەرۆکى دەستەى تەحریرى شام، پەیامێکى ئاراستەى چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن کرد و دەڵێت "دیمەشق چاوەڕێتانە".
موقەدەم حەسەن عەبدولغەنى، فەرماندە لە دەستەى تەحریرى شام کە ڕۆڵى وتەبێژى دەستەکە دەگێڕێت، ڕایگەیاند "هێزەکانمان بە گەمارۆدانى دیمەشق، دەستیان بە قۆناغى کۆتایى کرد".
هاوکات ئەبوو محەمەد جۆلانى، سەرۆکى دەستەى تەحریرى شام، لە نوێترین پەیامدا داوا لە چەکدارانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا دەکات کە لەسەر ڕێگەکەیان بەردەوام بن بۆ "درێژەدان بە پرۆسەى ڕزگارى و ئازادکردنى زیندانییەکان" و دەڵێت "هێشتا هەزاران ئاوارە و چەوساوە چاوەڕێى ئێوەن مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە".
ئەبوو محەمەد جۆلانى فەرمان بە چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن دەکات کە شارە ئازادکراوەکان بۆ پۆلیس و ئاسایش جێبهێڵن و لە کۆتایى پەیامەکەشیدا دەڵێت "تکاتان لێ دەکەم تاکە فیشەکێکیش بەفیڕۆ مەدەن، مەگەر بینێن بە سینگى دوژمنەوە. دیمەشق چاوەڕێتانە".
قۆناغى گەمارۆدانى دیمەشقى پایتەخت لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى باشوورى سووریاوە جێبەجێ دەکرێت، کە بەشێک لەو گرووپانە دوێنێ هەینى ٦-١٢-٢٠٢٤، لە پارێزگاى دەرعاوە ئۆپەراسیۆنیان دژى سوپاى سووریا دەست پێ کرد و "ژوورى ئۆپەراسیۆنى باشوور"ـیان ڕاگەیاند.
ئەو گرووپانە لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا پارێزگاى دەرعا لە باشوور و پارێزگاى سوەیدا لە باشوورى ڕۆژهەڵات و پارێزگاى قونەترە لە باشوورى ڕۆژئاواى سووریایان کۆنترۆڵ کرد.
ئەو گرووپانەى ئۆپۆزسیۆن لە باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵات و باشوورى ڕۆژئاواوە گەمارۆ دەخەنە سەر دیمەشق.
هەر ئەمڕۆ گرووپێکى دیکەى ئۆپۆزسیۆنى سووریا کە ناویان "سوپاى سووریاى ئازاد"ـە، لە سنوورى بنکەى ئاسمانیى تەنەفەوە بە ئاراستەى ناوەندى پارێزگاى حیمس پێشڕەوییان کرد.
سوپاى سووریاى ئازاد لە بەشى ڕۆژهەڵات و باکوورەوە گەمارۆ دەخاتە سەر دیمەشق و لە پارێزگاى حیمس و ناوچەکانى دیکە دایدەبڕێت.